لێکەوتە ژینگەیی و ئەمنییەکانى نوقمبونى کەشتییە بەریتانییەکە لە دەریاى سور

KNN : Kurdish News Network
02:57 - 03/03/2024
ڕاپۆرت
+
-

لەگەڵ دروستبونى گرژییەکان لە دەریاى سور، یەکەمین کەشتى بەناوى رۆبیمار کە کەشتییەکى بەریتانییە لە دەریاى سور نوقمبو، نوقمبونى ئەم کەشتییەش کە ماوەى 13 رۆژ لە دەریاى سور مایەوە بە ئاسانى تێناپەڕێت، جگە لەوەى هۆشدارى ژینگەیی دەدرێت، چاوەڕێش دەکرێت لەڕوى ئەمنییەوە گرژییەکان لە ناوچەکە زیاتر بکات.

راپۆرت:KNNC

لێکەوتەکانى ژێرئاوکەوتنى ئەم کەشتییە لە یەمەن دەنگۆى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا، هۆشدارى لە لێکەوتە مەترسیدارە ژینگەییەکانى دەدرێت ئەمە جگە لە لێکەوتە ئەمنیی و سەربازییەکانى کە دەکرێت لە داهاتودا روبدات، لەگەڵ ئەوەى حکومەتى یەمەن حوسییەکانى بە تاوانبار ناوبرد، بەڵام دەستى تۆمەتیشى بۆ ئەمەریکا لەم روداوە درێژ کرد.

 

ئەحمەد عوز، سەرۆک وەزیرانى یەمەن نوقمبونى ئەم کەشتییەى بە کارەساتێکى ژینگەیی ناوبرد کە پێشتر لە یەمەن و  ناوچەکە روینەداوە، و لە بڵاوکراوەیەکیشیدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئیکس نوسیویەتى:"ئەمە کارەساتێکى دیکەیە بۆ خەڵک و وڵاتەکەمان و کارەساتێکى مرۆییە کە بۆ دەیان ساڵ هەڕەشە لە ژیانى یەمەنییەکان دەکات".



کێ بەرپرسە لە نوقومبونى ئەم کەشتییە؟

لە بەرامبەردا، عەبدولمەلیک عەجرى بەرپرسێکى گروپى ئەنسارولا-ى حوسییەکان دەڵێت: ئەوەى بەرپرسیارێتى یاسایی و ئەخلاقى پیسبونى ئاوى دەریاى سور لە ئەستۆ دەگرێت بەریتانیایە و دواتریش ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا.

 

ئەو بەرپرسەى ئەنساروڵا لە ئێکس نوسیویشیەتى:" ئەمەریکا بەرپرسیارە لە جەنگى غەززە و گرژییە هەرێمییەکانى کە بەهۆى ئەم شەڕەوە سەریانهەڵداوە و هەروەها بڕیارنەدانى ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتیش بۆ وەستانى ئەم شەرەى نێوان ئیسرائیل و حەمماس دەخاتە ئەستۆى ئەمەریکا و دەڵێت: بەربەستى زۆر دەخاتەبەر بڕیارەکانى ئەنجومەنەکە و هەر ئەمەریکاشە دەبێت بەرپرسیارێتى سەربازیی دەریاى سور هەڵبگرێت.

 

ئەوەشى ئاشکرا کردوە کە خاوەن کۆمپانیاى کەشتییەکە خۆیان سوربون لەسەر تێپەڕبون بە دەریاى سوردا لەگەڵ ئەوەى مەترسیەکانیان دەزانى و رەتیانکردەوە گوێ لە ئاگادارکردنەوەکانى سوپاى یەمەن بگرن.

 

لە 18ـى شوبات، حوسییەکانى یەمەن تێکشکانى کەشتییەکى بەریتانییان بەناوى رۆبیمار لە دەریاى سور راگەیاند؛ ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد کە کەشتییەکە لەلایەن چەند موشەکێکەوە لە بەندەرى مەخاء-ى یەمەنى، دواتریش حوسییەکان رایانگەیاند کە لەسەرەتاى دەستپێکى ئۆپەراسیۆنى تۆفانى ئەقساوە تا ئێستا 54 کەشتییان لە دەریاى سور و باب ئەلمەندەب کردوەتە ئامانج.

 

دواى بە ئامانجگرتنى ئەم کەشتییە، فەرماندەیی ناوەندى ئەمەریکا ئاشکرایکرد کە بەهۆى رژانى چەندین ماددەى مەترسیدارەوە لەو کەشتییە ژینگەى دەریاى سور بە تەواوەتى پیس بوە و حوسییەکانى یەمەنیشى تاوانبار کرد بەو کارەساتە ژینگەییە.

کارەساتە ژینگەییەکان
مامۆستایەکى زانکۆى حەدیدە بەناوى عەبدولقادر خەراز، کە مامۆستاى هەڵسەنگاندنى ژینگەییە ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە ژێرئاوکەوتنى ئەم کەشتییە کارەساتى ژینگەیی گەورەى لێدەکەوێتەوە ئەمە جگە لەوەى کارەساتی مرۆییش بەدواى خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەت لەو ناوچانەى کە ڕاوى تێدا دەکرێت.

 

ئەو مامۆستایەى زانکۆ کە سەرۆکى پێشوى دەستەى پاراستنى ژینگەى یەمەن بوە دەڵێت: مەترسییەکان لەسەر دەریاى سور زۆر گەورەیە و بەمجۆرەش باسى لە مەترسییەکان کردوە:

 

ئەو ماددە و سەمادانەى کەشتییەکە هەڵیگرتبون کە لە فۆسفات و ئامۆنیا پێکدێن لەناو ئاوى دەریاکەدا لەگەڵ کاتدا دەتوێنەوە، ئەمەش وادەکات رێژەى ئۆکسجین لە دەریاى سور کەم ببێتەوە و ئەمەش سەردەکێشێت بۆ لەناوبردنى زیندەوەرەکانى دەریاکە و گەر نەشبێتە هۆى لەناوبردنیان ئەوا لەڕێى ماسی و ئەو بونەوەرانەى لەناو دەریاکە دەخورێن دێنە ناو سیستمى خۆراکیی یەمەنییەکانەوە و لە داهاتوشدا دەبێتە هۆى بڵاوبونەوەى نەخۆشى مەترسیدارى وەک شێرپەنجە.

 

جگە لە مەترسییە ژینگەییەکان، نوقمبونى ئەم کەشتییە مەترسیی ئەمنییشى لێدەکەوێتەوە شارەزایەکى ئەمنیی دەڵێت: نوقمبونى رۆبیمار گرژییەکان زیاتر دەکات لە گەروى بابولمەندەب و کەناڵی سوێس، لەگەڵ ئەوەشدا چونى کەشتییەکان  لەڕێی گەروى رەئس رجاء ساڵح و سوڕانەوە بە دەورى کیشوەرى ئەفریقادا زیاد دەکات.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوە کە مەترسییەکان ناوچەکانى دەوروبەر زیاتر دەگرێتەوە، چونکە ئەمەریکا و بەریتانیا ئامادەى وەڵامدانەوەى هێرشەکانى حوسییەکانن و کەشتى زیاتر دەکەنە ئامانج، هەروەک بە دوریشى نەزانى کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەپێى رێککەوتنەکان رێوشوێنى تایبەت بگرنەبەر.

 

کەشتى رۆبیمار لە ساڵى 1997ـەوە کاردەکات، کێشى 41 تۆنە و لەکاتى تێپەڕینى بە دەریاى سوردا کۆمپانیاکە رایگەیاند کە بڕى 20 تۆن سەمادى کیمیایی هەڵگرتوە ئەمە جگە لەوەى ئاماژەى بۆ ئەوە نەکرد کە کەشتییەکە چى ماددەیەکى دیکەى هەڵگرتوە، لە رۆژى 29ـى شوباتیش بە موشەکێک کە نازانرێت تایبەت بە حوسییەکان بو یان ئەمەریکا کرایە ئامانج و دوو کەس لەو روداوەدا کە ماسیگر بون گیانیان لەدەستدا.

139 جار خوێندراوەتەوە