سەرەڕای تێپەڕبونی 36 ساڵ بەسەر کیمیاباران کردنی
هەڵەبجەدا بە چەکی کیمیایی، بونی ژمارەیەک لە بۆمبی کیمیایی نەتەقیو لە ناوەوە و دەوروبەری
شارەکە بوەتە جێگەی نیگەرانیی و ئەگەری تەقینەوەیان مەترسیی کارەساتی هاوشێوەی لێدەکەوێتەوە.
راپۆرت:KNNC
مانەوە و نەتەقینەوەی
بەشێک لەو بۆمبە کیمیایی و ناپاڵمانەی ڕژێمی بەعسی عێراق لە ئاداری 1988دا بەسەر شاری هەڵەبجەدا
هەڵیدانە خوارەوە، مەترسیی لەسەر ژیانی دانیشتوانی شارەکە دروست کردوە.
کیمیاباران کردنی شاری
هەڵەبجە، لە کۆتایی جەنگی ئێران و عێراق و، لە 16 ئاداری ساڵی 1988 لەلایەن ڕژێمی
بەعسی روخاوەوە ئەنجامدرا و، تیایدا غازی خەردەل و کۆمەڵێک غازی دیکەی تێکدەری مێشک
و دەمار بەکارهات، کە گیانلەدەستدانی پێنج هەزار کەس و برینداربونی زیاتر لە 10 هەزار
کەسی دیکەی لێکەوتەوە، لەگەڵ ئاوارەبونی تەواوی دانیشتوانی شارەکە، ئەمە و کاریگەری
پاشماوەی چەکەکانیش بۆ دەیان ساڵ لەسەر شارەکە بەردەوام بو.
لە سەروبەندی جەنگی خوێناوی
هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا، داگیرکردنی ناوچەکانی هەڵەبجە لەلایەن ئێرانەوە،
سوپای عێراق هێرشێکی چڕی کردە سەر دەوروبەری شاری هەڵەبجە و بە جۆرەها چەک و ناپاڵم
بۆردومانی کرد کە زیانێکی زۆری لێکەوتەوە و شووشە و پەنجەرە تەواوی ماڵەکانی شارەکەی
شکاند، شارەزایانی سەربازیش ئەمە بە دەستپێک و ئامادەکاریی بۆ کرانەوەی دەرچەی زیاتری
بڵاوبوونەوەی غازی کیمیایی ناوزەند دەکەن.
هەندێک لەو بۆمبە کیمیایی
و ناپاڵمانەی بەسەر شارەکەدا هەڵدرانە خوارەوە نەتەقیون و لە ناو ماڵ و دەوروبەری
شاری هەڵەبجەدا ماون و هەندێکیان چەند مەترێک لەدووری یەکتر کەوتوونەتە خوارەوە،
کە بوونەتە مەترسیی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان بە گشتیی و دانیشتوانی شارەکە بە تایبەتی.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی
کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، دەڵێت، ئەو بۆمبانەی دراون لە هەڵەبجە بە
نەخشەیەکی سەربازیی لێیدراوە و سەرەتا ناوشارەکە بە ناپاڵم بۆردومان کراوە بۆ ئەوەی
ئەو دەرگا و پەنجەرانە بشکێنێت و دواتر چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت تا بە ئاسانی
کاربکاتە ناو خێزانەکان، لە قۆناغی دوەمدا بۆردومان کردنی ئەو ڕێگایانەی کە خەڵکی
لێیانەوە دەرباز دەبن لە هەڵەبجەوە بۆ دەرەوەی شارەکە بۆ ئەوەی ئەگەر ئەوانەی کە لەناو
ماڵەکان و ناو شارەکەدا شەهید نەبون، لە کاتی هەڵاتندا شەهید ببن".
باسی لەوەشکردوە، رژێم بە دوای ئەو خەڵکەوە
بو تا ناو ئۆردوگاکانی ئێرانیش، لەبەرئەوە بۆردومان کردنی هەڵەبجە بە نەخشەیەکی سەربازیی
و بە پیلانێکی داڕێژراو بوە، مەترسییەکانیشی لەسەر خەڵکی هەڵەبجە ماون بەتایبەتی ئەو
بۆمبانەی کە نەتەقیونەتەوە و ، تا ئێستاش حەوت ماڵ لە هەڵەبجە بۆمبیان تێدایە، کە
دیار نییە ئەم بۆمبانە بۆمبی کیمیایین یان بۆمبی دیکەن.
یەکێک لە خێزانەکان دەڵێت:
"بۆمبەکەمان خستە ناو بیری ئاوەوە کە ئەمە مەترسییەکی زۆر زۆر گەورەیە، لە
ساڵی 2014 بۆمبێک دۆزرایەوە لە ڕێگای باوە کۆچەک، بۆمبەکە هەمان ئەو کاریگەرییەی هەبوو
کە ساڵی 1988، لەسەر خەڵکەکە هەبو، بۆیە مەترسی ئەوە هەیە کە ئەو بەرگەی ئەم غازەی
تێدا هەڵگیراوە بەپێی کات کارلێک بکات و غازەکە بڕژێتە ناو ئاوی ژێر زەوی، ئەمە لەکاتێکدا
زۆربەی خەڵکی ئەم شارە ئاوی ژێر زەوی دەخۆنەوە".
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی
کیمیابارانی هەڵەبجە باسی لەوە کردوە، کە بەنوسراوی فەڕمی ئیداری پارێزگاری هەڵەبجەیان
لەو مەترسییە ئاگادار کردووەتەوە و ماڵەکانیشیان بۆ دەستنیشان کردون، کە ئەم ماڵانە
بە وتەی خۆیان بۆمب لە ناو ماڵەکانیاندایە و گومان دەکرێت یەکێک لە بۆمبەکان بۆمبی
کیمیایی بێت.
وتی، "کۆمەڵێک لەو
ماڵانە بۆمبەکانیان داپۆشیوە، قائیمقامی ئەو کاتەی هەڵەبجە تۆنێک چیمەنتۆی دابین
کرد بۆ داپۆشینی ئەو بۆمبانە، بەڵام بەڕاستی ئەمە چارەسەر نییە، لەوانەیە لەو کاتەدا
بۆ داپۆشینەکەی چارەسەر بێت، بەڵام بۆ کاریگەری خراپی دواتری ئەم غازە ئەگەر بڕژێتە
ناو زەوییەوە دواتر لە ڕێگەی خواردنەوەی ئاوی ماڵانەوە مەترسییە بۆسەر خەڵکەکە و کۆی
گشتیی دانیشتوانی شارەکە".
هاوکات، باسی لە گرنگیی
پاراستنی ئەو ئاسەوار و پاشماوانەی کیمیاباران کردنی هەڵەبجەی کرد و ڕایگەیاند:
"ئەوانەی ئێستا لە ناو شار و دەوروبەری هەڵەبجە ماون چەند بۆمبێکن، ئەویش بەهۆی
ئەوەی مەترسییان لەسەر بوە دەرنەهێنراون تا وەک کانزایەکی ئاسن بفرۆشرێنەوە".
وتیشی، "پێویستە
لە گۆشەیەکی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە ئەم بۆمبانە کۆبکرێنەوە و بپارێزرێن، چونکە بەڕاستی
لە داهاتودا ئەم شایەتحاڵانە و ئەم واقیعەی کە ئێستا لەبەرچاومانە نامێنن و پرسی هەڵەبجە
دەبێتە چیرۆکێکی ئەفسانەیی".
ڕزگار حسێن تەمەن 52
ساڵ، یەکێکە لەو کەسانەی بەهۆی ئەو هێرشەوە کەسوکاری لەدەستداوە، باس لەوە دەکات کە
ئەو بۆمبەی لە ماڵەکەیاندا بوە و نەتەقیوەتەوە خستویانەتە ناو بیری ئاوەوە و دەڵێت:
"ئەو کاتەی لە ئێران گەڕامەوە ماڵەکەمان هەموی ڕوخا بو، ئێرەش بیرێکی ئاو لێ
بو کە نزیکەی 14 بۆ 15 مەتر قوڵ بو، موشکێک لەم نزیکانە کەوتبو نەتەقیبو، ئێمەیش
خستمانە ناو بیرەکە و خۆڵمان کرد بە سەریدا و دوای ئەوە کۆنکرێتمان کرد".
ڕزگار دەڵێت، لایەنی پەیوەندیداریان
ئاگادار کردوەتەوە و "لەم ساڵانەی ڕابردوودا ئەوانیش پەیوەندیان کرد بە وەزارەتی
بەرگریی عێراقەوە و لە بەغداوە هاتن و پشکنینیان کرد و نەخشەیان دانا وتیان بە زوترین
کات ئەم موشەکە لەو بیرە دەردەهێنین، بەڵام لەو کاتەوە نەهاتوون. لەوانەیە مەترسییەکی
زۆری هەبێت بۆ ژێر زەوی و ئاو، یان لە ناکاو بتەقێتەوە و زیانی زۆری لێبکەوێتەوە".
هاوڵاتییەکی دیکەی هەڵەبجە
بەناوی عوسمانەو تەمن 57 ساڵ، باسی ساتی کیمباباران کردنی هەڵەبجەی کرد و ڕایگەیاند:
"کاتێک بۆردومانی هەڵەبجە کرا و کیمیایی بەسەردا بارێندرا، خەڵکەکەی هەموی لێیقەوما،
هەندێک لە دانیشتوانی شاری هەڵەبجە ڕۆیشتن و هەندێکیشی لە ڕێگەی هەورامانەوە، ئەو
بەشەی شارەکەیان چۆڵ کرد ڕوبەڕوی ئەم هێرش و موشەکانە بوونەوە، کە ئێستا هەندێکی
ماوە و دیارە".
بەرپرسی کیمیاباران
کردنی هەڵەبجە کە عەلی حەسەن مەجیدە، کە ئەوکات بەرپرسی یەکەمی سوپای ڕژێمی بەعسی
عێراق بوو، بەهۆی تاوانەکانیيەوە لە ساڵی 2010 لەسێدارە درا.
179 جار خوێندراوەتەوە