تورکیا دەچێتە سەردەمێکی نوێی سیاسی... ئەوەى پێویستە لەسەر هەڵبژاردنى تورکیا بیزانیت

KNN : Kurdish News Network
09:34 - 18/03/2024
ڕاپۆرت
+
-

لە رۆژی (31)ی ئازار تورکیا دەچێتە سەردەمێکی نوێی سیاسی، هەڵبژاردنێک ئەنجام دەدات کە وڵاتەکە لەساڵی رابردوەوە ئامادەکاری بۆ دەکات، لەم هەڵبژاردنەدا پارتە سیاسییەکان کێبڕکێ دەکەن بۆ دیاریکردنی داهاتوی وڵاتەکە.

 

راپۆرت:KNNC

 
زیاتر لە 61 ملیۆن هاوڵاتی تورکیا بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکەن، کە بڕیارە لە یەک رۆژدا بەڕێوەبچێت، لە بەیانی رۆژی 31ی ئەم مانگە دەستپێدەکات و  ئێوارەى هەمان رۆژ کۆتایی دێت، هەروەها بڕیارە ئەنجامە بەراییەکان لە هەمان رۆژدا رابگەیەنرێت.

 

 

گرنگی ئەم هەڵبژاردنە چییە؟

 

هەڵبژاردنی ناوخۆیی تورکیا پێنج ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت، لەسەر ئاستی شارە گەورەکان چەند شارەوانییەک لەخۆدەگرێت، هەڵبژاردنەکە هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی و سەرۆکی شارەوانی لەخۆ دەگرێت.

 

هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بۆ تورکیا گرنگە، چونکە رەنگدانەوەی باری دەرونی گشتی جەماوەرە بەرامبەر پارتە سیاسییەکان، کۆتا جار هەڵبژاردنی شارەوانیەکان لە ساڵی 2019 بەڕێوەچو کە بوە هۆی سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن، هاوپەیمانی لە گەورەترین شارەکان گرنگترینیان ئەستەنبوڵ و ئەنقەرەی پایتەختە بە گشتی 11 شارەوانی گەورەیە.

لەم هەڵبژاردنەدا، ئۆپۆزسیۆن هەوڵدەدات سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و قەرەبو ئەو ئەنجامانە بکاتەوە کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمان نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، سەرکەوتن لە ئیستەنبوڵ و گەورە شارەکاندا داهاتێکی دارایی بەرچاو بۆ لایەنەکان مسۆگەر دەکات بەوپێیەی شارێکی گەورەی وەک ئیستەنبوڵ خاوەنی سەرچاوەی دارایی زۆر گەورەیە، رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە گەشەسەندنی داهاتی ناوخۆی وڵاتەکە، بۆیە هاوپەیمانی کۆمارییەکان هیوادارە جارێکی دیکە گەورەترین شارەکان بباتەوە.

 

 

هەڵبژاردن چۆن بەڕێوەدەچێت؟

 

هەڵبژاردنەکان لە کاتژمێر (7:00)ی بەیانی لە 32 ویلایەتی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەستپێدەکات بەرەچاوکردنی بارودۆخی جوگرافی لە کاتژمێر (4:00)ی پاشنیوەڕۆ کۆتایی پێدێت، لە ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای وڵاتەکە لە کاتژمێر (8:00)ی بەیانی دەستپێدەکات و کاتژمێر (5:00)ی ئێوارە کۆتایی پێدێت.

 

 

ژمارەی ویلایەت و هەرێم و شارەوانییە گەورەکان:

 

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە هەر81 ویلایەتی کە پارێزگاکانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن بەڕێوەدەچێت، هەروەها هەڵبژاردن لە 30 شارەوانی گەورە بەڕێوەدەچێت، دیارترینیان (ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، بورسا، ئەدەنە، کۆنیا، ئەنتالیا، هاتای، غازی عەنتاب و شارەکانی باکوری دەریای ڕەش...هتد)، هەروەها لە 51 ویلایەت و 922 هەرێم بەڕێوەدەچێت، جگە لە 390 شارۆچکە، بەمەش کۆی گشتیی ئەو سەرۆک شارەوانیانەی کە هەڵدەبژێردرێن دەگاتە هەزار و 393 کەس، جگە لەوەی زیاتر لە 32 هەزار موختار هەڵدەبژێردرێن و ئەمانەش لە گەڕەک و گوندە گشتییەکانی وڵاتەکەدا..

 

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019، پارتی داد و گەشەپێدان لە 15 شارەوانی گەورە و 24 ویلایەت و 535 هەرێم و 202 شارۆچکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بە کۆی گشتی 776 شارەوانی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، لەکاتێکدا پارتی گەلی کۆماری لە 11شارەوانی گەورە و 10 ویلایەت و 195 شارەوانی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، پارتی بزوتنەوەی نیشتمانی بە گشتی 232 شارەوانی، پارتی باش لە 25 شارەوانی، پارتی بەختەوەری لە 21 شارەوانی، پارتی دیموکراتی گەلان لە 5 شارەوانی، جگە لە پارتەکانی دیکە، توانیان بەدەستبهێنن سەرکەوتن بەدەستبهێنن،  بەڵام دواتر حکومەت زۆرینەی سەرۆک شارەوانییەکان کە لەلایەن کوردەوە سەرپەرشتی دەکران گۆڕی و زۆرینەی سەرۆک شارەوانییەکانیشی دەستگیرکرد.

 

 

ژمارەی پارتەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی تورکیا:

 

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوانن بەشداری بکەن، جگە لە کاندیدی حزبەکان بەشێکی دیکە لە کاندیدەکان سەربەخۆ، تەنها لە ئیستەنبوڵ، 27 کاندیدی سەربەخۆ و لە ئەنقەرەش پێنج کاندیدی سەربەخۆ هەن، لەپارێزگاکانی دیکەش بەهەمان شێوە کاندیدی سەربەخۆ هەن.

 

ژمارەی دەنگدەران

 

دەسەڵاتی باڵای هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، ژمارەی دەنگدەران گەیشتوەتە  61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 دەنگدان، بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوی سەرۆکایەتی و پەرلەمان یەک ملیۆن و 32 هەزار و 610 دەنگدەری نوێ زیادی کردوە.

256 جار خوێندراوەتەوە