ئەو فەرماندە باڵایەى ئێران کێیە کە ئیسرائیل لە سوریا کوشتى؟

KNN : Kurdish News Network
10:53 - 02/04/2024
ڕاپۆرت
+
-

کاتژمێرى 5:00ـى ئێوارەى دوێنێ دووشەممە، باڵەخانەى کونسوڵخانەى ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانجى هێرشە ئاسمانییەکانى ئیسرائیل، ئەم هێرشە بوە هۆى برینداربون و کوشتنى چەند کەسێک، باڵێۆزى ئێرانیش لە سوریا رایگەیاند؛ فڕۆکەى ئێف-16 باڵەخانەى باڵیۆزخانەکەى کردوەتە ئامانج.

 

راپۆرت:KNNC


ئەم هێرشە بوەهۆى کوشتنى حەوت ئەندامى سوپاى پاسدارانى ئێران لە سوریا، لەنێو ئەم کوژراوانەشدا، محەمەد رەزا زاهدى هەیە، کە فەرماندەى باڵاى سوپاى پاسداران و بەرپرسى فەیلەقى قودس لە سوریا و لوبنان و کوشتنى ئەم بەرپرسە باڵا ئێرانییەش لەماوەى 45 ساڵى رابردودا یەکەمین کوشتنى فەرماندەى باڵاى ئێرانە لەلایەن ئیسرائیلەوە و یەکەمجاریشە ئیسرائیل راستەوخۆ ناوەندى دیپلۆماتى ئێران بکاتە ئامانج.

 

 

لەبارەى ئەم هێرشەى ئیسرائیل کە لە سوریاوە ئێرانى بە ئامانج گرت، دانیاڵ هاگارى وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل ئامادەبو هیچ زانیارییەک بخاتەڕو، تەنها ئەوەندەى وت: ئێمە سەرنجمان لەسەر ئامانجەکانى جەنگە و هەر کارێک دەکەین تا ئەو ئامانجانە بهێنینەدى.

 

 

لێرەدا گرنگە بپرسین و وەڵامیشمان هەبێت، محەمەد رەزا زاهدى کێیە؟

بەپێى زانیارییەکانى میدیاکانى ئێران زاهدى فەرماندەى سوپاى پاسدارانى ئێرانە لە سوریا و لوبنان و لە 40 ساڵى رابردوشدا چەندین بەرپرسیارێتى سەربازیی لەناو سوپاى پاسدارانى ئێران هەبوە.

 

لە تشرینى دوەمى 1960 لە ئەسفەهان لەدایک بوە و لە تەمەنى 20 ساڵى چوەتە ناو سوپاى پاسدارانى ئێران و لە شەڕى نێوان عێراق و ئێران فەرماندەى سەربازى بوە.

 

لە شەڕى هەشت ساڵەدا، زاهدى چەندین بەرپرسیارێتى سەربازى جیاوازە وەرگرتوە، فەرماندەى فیرقەى ئیمام حسێن بوە بۆ ماوەى 14 ساڵ، دواتر لەسەر بڕیارى ئایەتوڵا خامنەیی بوەتە فەرماندەى هێزە زەمینییەکانى سوپاى پاسداران لە ساڵى 1986، ئەوکات خامنەیی بە زاهدى وتوە: لەبەر ئەو تۆمارە پڕ نورەت لە خزمەتى سەربازیی کۆمارى ئیسلامى ئێراندا، ئەم پلەیەت پێدەبەخشم".


لە ساڵى 2005 زاهدى فەرماندەى بنگەى سەئرڵا بوە تا ساڵى 2008، ئەم پلەیە دادوەرى سەربازیی تارانە.


رۆڵى زاهدى لە بوارى سەربازیدا کۆتایی نەهاتوە، لە ساڵى 2008 گواستراوەتەوە بۆ خزمەتکردن لە فەیلەقى قودس و لەوێ کراوەتە فەرماندەى باڵا و تا ساڵى 2016 بەردەوام بوە، دواتر پۆستى فەرماندەى لە فەیلەقى قودسى سوپاى پاسدارانى لە سوریا و لوبنان وەرگرتوە، هەروەک وەک جێگریى ئۆپەرسایۆنەکانى سوپاى پاسداران کارى کردوە بۆماوەى سێ ساڵ و تا ساڵى 2017.

 

بەهۆى ئەم بەرپرسیارێتییە سەربازییە باڵایانەى هەیبوە، محەمەد رەزا زاهدى لە لیستى سزاکانى وەزارەتى گەنجینەى ئەمەریکا بوە کە ئامانج لێی سڕکردنى "سامانى تیرۆرستان و لایەنگرانیان" بو، بە تۆمەتى پاڵپشتیکردنى تیرۆریش ناوى زاهدى لەگەڵ سێ بەرپرسى باڵاى سوپاى قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران لە لیستى سزاى ئەمەریکا دانرابون.

 

کوشتنى ئەم فەرماندەیەى ئێران وڵاتەکەى بێ وەڵام نەهێشتوەتەوە، ئێران هەڕەشە دەکات و دەڵێت: زۆر بە توندى وەڵاممان بۆ ئەم تاوانەى ئیسرائیل دەبێت و وەزیرى دەرەوەى وڵاتەکەش دەڵێت: ئێرانه هەمو مافێکى وەڵامدانەوەى هەیە و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەکەین و سزاکەیشى دیاریدەکەین.

 

زاهدى لەماوەى خزمەتیدا رۆڵێکى زۆر گرنگى بینیوە لە فراوانکردنى جوڵەکانى سوپاى پاسدارانى ئێران و رۆڵێشى هەبوە لە پڕچەک کردنى حیزبوڵاى لوبنان لە سێ دەیەى رابردو، رۆڵى هەبوە لە بەهێزکردنى باڵى دەرەوەى سوپاى پاسداران لە لوبنان و بەردەوامیش جگە لە هاوکارى سەربازى، هاوکارى ستراتیژى حیزبوڵاى لوبنان بوە.

 

ئامادەکردنى/ باڵا ئاکۆ

588 جار خوێندراوەتەوە