44 ساڵ بەسەر جینۆسایدى کوردانى فەیلى تێپەڕى... یادەکەش بە چەن بەیاننامە و داوایەک کۆتایی دێت

KNN : Kurdish News Network
11:56 - 04/04/2024
ڕاپۆرت
+
-

44 ساڵ بەسەر جینۆسایدى کوردانى فەیلى تێپەڕى، یادەکە لە چەند داوا و وتەیەک زیاتر لەخۆى ناگرێت و دواى 4ـى شوبات، ئیتر خەم و کەسەرى ئەم جینۆسایدە لە چاوەڕوانى یادێکى دیکەدا دەمێنێتەوە، لەم راپۆرتەدا باس لە مێژویەکى ئەم تاوانەش دەکەین کە بەرامبەر بە کورد ئەنجام درا.


راپۆرت:KNNC

 

فەیلییەکان کۆمەڵێک کوردن لە پارێزگای کرماشان و ئیلام و لوڕستان سەر بە ئێران دەژین، بەشێکیشیان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق دەژین.

 

فەیلی، بەکۆمەڵێک ھۆزی (کوردی ئیلامی) دەوترێت، کە نیشتەجێی زنجیرە چیای زاگرۆس بون، زۆربەی مێژونوسان، کۆکن لەسەرئەوەی لە رەچەڵەکی ئیلامی یا گۆتییەکان بون کە لە ناوەڕاست و باشوری عێراق ژیاون، بەتایبەت لە ناوچەکانی (مەندەلی، (زڕباتییە)، بەدرە، (جەسان)، خانەقین، کەرکوک،بەغداد ،کوت ،عەمارە و بەسرە.

 

سەبارەت بەو کوردانەی لە عێراق ژیاون، لەناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردو حکومەتی ئەوکاتی عێراق نزیکەی 40 هەزار فەیلی دەرکرد، بە گومانی ئەوەی ئەوانە خەڵکی ئێرانن، لە ساڵانی 1971 تا 1980 زیاتر لە 200 هەزار کوردی فەیلی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە زێدی خۆیان دورخرانەوە، لە ساڵی 1980 سەدام حسێن بڕی 10 هەزار دیناری پێشەکەشی ئەو هاوڵاتییانە دەکرد کە لە فەیلییەکان جیادەبونەوە یان خۆیان بێبەری دەکرد.

 

کێشەی کوردە فەیلییەکان وەک کێشەی عەرەبە شیعەکان، بەردەوام بەو ململانێ سیاسییانەی نێوان دەوڵەتی عوسمانیی تورک و سەفەویی ئێرانی، کە رێخۆشکەربو دابەشکردنی دانیشتوانی ناوچەکە لە نێوان شوێنکەوتوانی ئێرانی و عوسمانی زۆر لە شیعە.

 

عێراقیەکان بە شوێنکەوتوانی ئێرانی ناونوسکران، کە لە ناویاندا کوردە فەیلیەکان بون لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی روبەڕوی جیاکاری بونەتەوە لەگەڵ توێژ و چینەکانی تری کۆمەڵگای عێراقی.

 

لە ساڵی 1924 یاسای رەگەزنامەی عێراقی جەختی لە دابەشکردنی گەلی عێراقی کردەوە بۆ سێ بەش لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە، لەبەر ئەوەی کوردە فەیلیەکان لەسەر رێبازی شیعە بون، بە ڕەچەڵەک ئێرانی ناونوس کران بۆیە ھەمیشە کەوتونەتە بەر ھێرشی دەسەڵاتدارانی عێراق.

 

بە درێژایی ئەم سیاستە بەرامبەر بە کوردە فەیلیەکان، بەپێی بڕیاری ژمارە 666ی  لەساڵی 1980 کوردانی فەیلی مافی هاوڵاتیبونیان لێسەندرایەوە و دەست گیرا بەسەر ماڵ و سامانەکەیان، سەدام حسێن، سەرۆکی پێشوی عێراق بڕیاریدا ئەو پیاوەی عێراقییە و ژنەکەی فەیلیە دەبێت لێی جیا ببێتەوە، بەرامبەر بە چوار ھەزار دینار ئەگەر سەرباز بێت، دو ھەزار و پێنج سەد دینار (بەپێی دراوی پێشوی عێڕاق) ئەگەر سڤیل بێت.

 

سەختییەکانی کوردانی فەیلی لە دوای نەمانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 کۆتایی هات، زۆرێک لە کوردانی فەیلی لە ئێرانەوە دەستیان بە گەڕانەوە بۆ عێراق کرد، لە دەستوری نوێی عێراقی ساڵی 2005 کوردانی فەیلی وەک قوربانی ستەم و کۆمەڵکوژی ناسێنران.

 

 لە ساڵی 2006 یاسایەکی نوێی نەتەوەیی دەرچو کە فەرمانی ژمارە 666 هەڵوەشاندەوە، مافی وەرگرتنەوەی ڕەگەزنامەی عێراقی بۆ کوردانی فەیلی گەڕێندرایەوە، هەروەها پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2011 بە کۆی دەنگ بڕیاری بە جینۆساید ناساندنی کوردانی فەیلی پەسەندکرد، لەو کاتەوە زۆرێک لە کوردانی فەیلی توانیان بۆ عێراق بگەڕێنەوە، هەروەها مەرجی گەڕاندنەوەی ڕەگەزنامەکان تا ڕادەیەک قورسن، بەوپێیەی داواکاران پێویستە کۆپییەکی تۆماری خۆیان لە سەرژمێری ساڵی 1957 پێشکەش بکەن، لە کاتێکدا پێ ناچێت زۆرێک لە کوردە فەیلییەکان خاوەنی بن.

 

 بەپێی ئامارەکانی خاچی سور و مانگی سوری نێودەوڵەتی، نزیکەی 400 هەزار هاوڵاتی فەیلی بونەتە قوربانیی ڕژێمی پێشوی عێراق، بە کوژران و ڕاگواستنەوە، لەدوای روخانی ڕژێمی پێشوی عێراق، لە ساڵی 2006 یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی، بڕیاری (666)ی ساڵی 1980ی پوچەڵ کردەوە، لەو نێوەندەشدا کۆمەڵێک لە کوردە فەیلیەکان توانییان مافەکانیان بەدەست بھێننەوە.

 

لە روی سیاسییەوە کوردە فەیلییەکان نوێنەرایەتییان لە ڕێکخراوێکی یەکگرتودا نییە، کە توانای پشتگیریکردنی داواکارییەکانیانی هەبێت، لە ئەنجامدا خاوەنی هیچ پشک و پۆستێکی حکومی نین لە نێوان سێ دەسەڵاتە سەرەکییەکەی سوننە، شیعە و کورد، بهەرچەندە لە ساڵی 2016دا کوردانی فەیلی کورسییەکی کەمینەکانیان وەرگرت بەڵام هێشتا لەئاست خواستی ئەواندا نییە.

186 جار خوێندراوەتەوە