فڕۆکە... مۆتەکەی سەرکردەکانی ئێران

KNN : Kurdish News Network
05:38 - 21/05/2024
ڕاپۆرت
+
-

روداوی تێکشکان و کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە لە جیهاندا هەمیشە وەکو روداوێکی نائاسایی تەماشای دەکرێت، ئەوەش بەهۆی کەمی دوبارەبونەوەی روداوەکانە  بەراورد بە روداوەکانی دیکەی هاتوچۆ و گواستنەوە، بەڵام دوایين روداو چاوی هەمو جیهانی خستەسەرخۆی  نەک لەبەر ئەوەی تەنها کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەک بو؛ بەڵکو ناوەرۆکی روداوەکە بریتیبو لە گیانلەدەستدانی سەرۆکی وڵاتێک و چەندین بەرپرسی باڵا.

 


لەگەڵ هەواڵی دیارنەمانی فڕۆکەکەی سەرۆک کۆمار تەواوی ئێران کەوتنە حاڵەتی ئامادە باشییەوە، جیهانیش چاوی لە روداوەکە بو ئێرانییەکان نزای سەلامەتییان دەکرد،  بەڵام هەوڵەکان بۆیان دڵخۆشکەر نەبو دواجار فڕۆکەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و هەواڵی مەرگی سەرۆکی ئێران و تەواوی بەرپرسەکان راگەیەنرا.

 


ئەم روداوە هەر زو بوە مانشێتی هەواڵی میدیا جیهانییەکان  ئێران هۆکاری روداوەکەی بۆ خراپی دۆخی کەشوهەوا گەڕاندەوە.

 

روداوەکە چۆن بو؟
رۆژى یەکشەممە 19/5/2024 ئیبڕاهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوە لە سنوری پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات لە مەراسێک دەگەڕانەوە لەگەڵ 7 سەرنشینی دیکەدا، بەڵام لە کاتی فڕین بەسەر ناوچەیەکی شاخاویدا بەهۆی خراپی کەشوهەواوە فڕۆکەکە دیار نامێنێت بەرەبەیانی رۆژى دواتریش دۆزینەوەی فڕۆکەکە و مەرگی سەرنشینەکان راگەیەندرا، لە ئێران بوە شین و لەخۆدان.. خامنەئیی رابەری وڵاتیش دڵنەوایی گەلەکەی دەدایەوە و وتی: بێخەمبن وڵات بێ سەرۆک نابێت.

 

 سەرکردەکانی ئێران مێژویەکی خراپییان هەیە لەگەڵ کەوتەخوارەوەی فڕۆکەدا لە نێو سەرۆکەکانی ئەو وڵاتە لەوانەیە رەئیسی بێ بەختترینیان بێت، چونکە گیانی لەدەستدا و لە پێشتریش دو سەرۆکی دیکەی ئێران توشی هەمان دۆخ بونەوە، بەڵام بە سەلامەتی رزگاریان بو؛ ئەوانیش بریتیبون لە ئەبول حەسەن بەنی سەدر لە ساڵی 1980 کاتێک فڕۆکەکەی توشی کێشەی تەکنیکی بو، بەڵام بە سەلامەتی گەڕایەوە و دوای ئەویش مەحمود ئەحمەدی نەژاد بو کاتێک فڕۆکەکەی خۆی کێشا بە وایەکی کارەبادا و توشی روداو بو بەڵام بە سەلامەت رزگاریان بو.

 

لەدوای هاتنە سەر حوکمی کۆماری ئیسلامی ئێران  یەکەم روداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە لە ساڵی 1981 دابو کاتێک وەزیری بەرگری ئەوکات و ژمارەیەک فەرماندە بە فڕۆکەی جۆری c130 دەگەڕانەوە بۆ تاران و کەوتنە خوارەوە و تەواوی سەرنشینەکان گیانیانلەدەستدا.

 

دواتریش ساڵی 1985  لەشەڕی نێوان عێراق – ئێراندا شێخ فەزلوڵا کە یەکێك بو لە فەرماندە باڵاکانی سوپای قودس لە هێرشێکى رژێمى بەعسدا فڕۆکەکەى پێکرا و گیانی لەدەستدا، هاوکات ساڵی1995یش فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکان و لە ساڵی 2001یشدا وەزیری چاکسازی و ڕێگاوبان فرۆکەکەیان کەوتەخوارەوە و گیانیان لەدەستدا.

 

پاش چوار ساڵ لەو روداوە و لەساڵی 2005دا فرۆکەیەکی دیکە کەوتەخوارەوە کە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئێران  ئەحمەد کازمى و 11 سەرنشینی دیکەی تێدابو... سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.

 

روداوەکان بەردەوامیان هەبو؛ ساڵی 2023  وەزیری وەرزش و لاوان بە هەمان شێوە بە فڕۆکەیەک کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا نوێترینیش روداوەکەی سەرۆکی ئێران و وەزیری دەرەوە بو کە فڕۆکەکەیان تێکشکا.

 

رەنگە هۆکار زۆر بێت بۆ روداوەکانی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە،  بەڵام یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان دەگەڕێتەوە بۆ وێرانی کەرتی فڕۆکەوانی ئێران بەهۆی سزاکانی وڵاتانی رۆژئاواوە،  زۆربەی فڕۆکەکانیان لە کارکەوتون و  ئەوانەشی لە کاردان خزمەتیان زیاتر لە 30 ساڵە  تارانیش بە زەحمەت دەستی دەگات بە چاککردن و پارچەی یەدەگی فڕۆکەکان؛ فڕۆکەکەی رەئیسیش کە بە زەردەواڵەی جەهەنەم ناسراوە  دروستکراوی ئەمەریکایە و لە ساڵی 1968ەوە بۆ یەکەمجار دروستکراوە و دواتر پەرەی پێدراوە کە بۆ گواستنەوەی کەسایەتییە باڵاکان و کاری سەربازیی و فریاگوزاری بەکاردێت.

196 جار خوێندراوەتەوە