نوێترین توێژینەوەى پزیشکى باشترین کاتى بۆ خواردنى شوتى دیاریکردوە

KNN : Kurdish News Network
08:20 - 30/05/2024
تەندروستی
+
-

شوتی میوەیەكی هاوینەی بەچێژە كە هەم یارمەتی دابەزینی گەرمی لەش و هەم قەربوی شلەمەنییە  لەدەستچوەکانى جەستە دەکاتەوە، بەڵام توێژینەوە نوێیەكان باشترین کاتیان بۆ خواردنى ئەم میوە بەتام و بەسودە دیاریکردوە.

 

هەواڵ: (KNNC)

 

شوتی یەکێکە لە میوە بەتامەکان و لە (92%)ـی پێكهاتەکەی ئاوە، لە وەرزی هاویندا خواستێکی زۆری لەسەرە، جگە لە تام و چێژەکەشی لەڕوی تەندروستیەوە سودێکی زۆری بۆ مرۆڤ هەیە، هەروەها یارمەتیدەرە لە بەرەنگاربونەوەی گەرما و قەربوی شلەمەنییە لەدەستچوەکانی جەستە دەکاتەوە، بەیەكێك لەو میوانەش دادەنرێت سودی بۆ كەمكردنەوەی کێشی لەش هەیە.



توێژینەوە پزیشكییەكان باشترین کاتیان بۆ خواردنی شوتی لە رۆژدا دیاریكردوە، بەتایبەتی دوای خواردنی ژەمە سەرەکییەکەی  رۆژانە "نیوەڕۆ" ئاماژەیان بۆ ئەوەكردوە؛ باشتر وایە بە تەنها لە رۆژدا بخورێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لە زیادبونی کێشی لەش بکات، چونکە شوتی دەوڵەمەندە بە شەکر، ئەگەر لە شەودا بخورێت، دەبێتە هۆی زیادبونی كێشی لەش، لەبەر ئەوەی هیچ هەوڵێک بۆ سوتاندنی کالۆری نادرێت.



رێنماییە تەندروستییەكان جەخت دەكەنەوە، لەبەر ئەوەی شوتی بڕێکی زۆر ئاو و ریشاڵە خۆراکییەكانی تێدایە، باشتر وایە زۆر نەخورێت، چونکە ئەگەری توشبون بە سکچون زیاد دەکات، هەروەها یەكێك لە سودەكانی شوتی؛ دژە ئۆکسێنەرێکی باشە، ئەمەش تواناکانی سیستەمی بەرگری لەش بەرز دەکاتەوە هەروەها بەشدارە لە پاراستن لە ئاستی بەرزی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش، هەروەها تەندروستی خوێنبەرەکان و خوێنبەرەکان و دڵ باشتر دەکات.

1304 جار خوێندراوەتەوە