بە ناسینەوەى نیشانەکانى جەڵتەى مێشک ژیانى کەسێک رزگار بکە

KNN : Kurdish News Network
09:39 - 15/02/2025
تەندروستی
+
-

جەڵتەى مێشک بە یەکێک لە هۆکارە دیارەکانى گیانلەدەستدان لەسەر ئاستى جیهان دادەنرێت، پزیشکان هۆکارى سەرەکى گیانلەدەستدان بەم نەخۆشییە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە کەسى توشبو بەخێرایی چارەسەرى بۆ ناکرێت، بۆیە کۆمەڵێک نیشانە دیاریکراوە بۆ ئەم نەخۆشییە و ئەگەر بناسرێنەوە ژیانى کەسەکەى پێ رزگار دەکرێت.

 

تەندروستى:KNNC

 

پێگەى تەندروستى (لایف ساینس) لە راپۆرتێکى تایبەتدا ئەو نیشانە مەترسیدارانەى بڵاوکردوەتەوە کە ئاماژەن بۆ دروستبونى جەڵتەى مێشک، ئەم نیشانانە پێویستە هەمو کەسێک بیزانێت تا بتوانین ژیانى کەسێکى دیکە رزگار بکەین و چارەسەرى خێراى بۆ ئەنجام بدەین.

 

ئەو پێگەیە نیشانەکانى بەمشێوەیە دیاریکردوە:

یەکەم: کەوتنى دەموچاو
کەسەکە بەشێکى دەموچاوى لار دەبێتەوە و دەکەوێت، یاخود هەست بە سڕبونى دەکات، بۆیە داوا لە کەسى توشبو بکە پێبکەنێت ئەگەر پێکەنینەکەى یەکسان نەبو ئەوا ئاماژەیە بۆ جەڵتەى مێشک.

 

دوەم: لاوازبونى باڵ و قۆڵەکان
لەکاتێکدا کەسەکە نەیتوانى بەئاسانى دەست و باڵى بەرز بکاتەوە و لەکاتى بەرزکردنەوەیدا کەوتە خوارەوە ئەوە نیشانەیە بۆ توشبون بە جەڵتەى مێشک.

 

سێیەم: نەبونى تواناى قسەکردن
ئەگەر کەسێک قسەکانى قورس بون و نەتتوانى لێی تێبگەیت نیشانەیە بۆ رودانى جەڵتە، بۆئەوەى دڵنیاش ببیتەوە هەندێک وشەى ئاسانى لێبپرسە و داواى لێبکە دوبارەیان بکاتەوە.

 

پزیشکان رێنمایی ئەوە دەکات هەرکاتێک یەک یاخود هەمو ئەم نیشانانە لە یەکێکدا بینرا راستەوخۆ پەیوەندی بە فریاکەوتنى خێراوە بکرێت و داواى هاوکاریی پزیشکى بەپەلە بکرێت.



جگە لە هەمو ئەم نیشانانە، ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە جەڵتەى مێشک دەکرێت بەشێوەى دیکەیش خۆى دەربخات بۆ نمونە هەندێک حاڵەت بە هەبونى سەرئێشەیەکى زۆر قورس دەستپێدەکات کە بە "خراپترین سەرئێشەى ژیان" ناودەبرێت.

 

لە ئەمەریکا ساڵانە زیاتر لە 795 هەزار کەس توشى جەڵتەى مێشک دەبن و بەشێکیشیان هەر بەو هۆیەوە گیان لەدەست دەدەن، ئەم حاڵەتەش بەهۆى نەڕۆشتنى خوێنەوە بۆ بەشێکى مێشک دروست دەبێت یاخود بۆرییەکى مێشک دەگیرێت و هەردو حاڵەتەکەش رێگە بە رۆشتنى ئۆکسجین نادەن بە مێشک.

2462 جار خوێندراوەتەوە