لە مەغریب بەهۆی
هەڵمژینی گازی پێکەنینەوە، کچێک گیانیلەدەستدا، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەش رێوشوێنی
توند لەبەرامبەر بەکارهێنانی ئەو گازە دەگرنەبەر.
هەواڵ:KNNC
دیاردەی بەکارهێنانی
گازی پێکەنین یان "ئۆکسیدی نایترۆز" لەم ساڵانەی دواییدا پەرەی سەندوە، بەهۆی
ئەوەی گەنجان زۆر بەکاریدەهێنن بۆ دڵخۆشکردن و پێکەنیانیان.
ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە
بڵاویکردوەتەوە، لە شاری کازابلانکای مەغریب، کچێکی تەمەن 15 ساڵ، دوای هەڵمژینی (گازی
پێکەنین) گیانیلەدەستداوە و ئەوەش کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لە وڵاتەکە لێکەوتوەتەوە.
بەکارهێنانی گازی پێکەنین
لە مەغریب لە ماوەی سەرهەڵدانی پەتای کۆڤید زیاتر بڵاوبوەوە کە ئالودەبوانی ماددە
هۆشبەرەکان بۆ مەبەستی کات بەسەربردن بەکاریان دەهێنا.
تەیب حەمدی، پزیشک و
توێژەر لە سیاسەت و سیستمە تەندروستییەکان بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندوە، ئۆکسیدی نایترۆزی
بێهۆشکەر لە سەدەی نۆزدەهەمەوە بۆ مەبەستی پزیشکی بەکاردەهێنرێت، بەو پێیەی بە
ئامرازێکی بێهۆشکردن و کەمکردنەوەی ئازار لە پزیشکی ددان دادەنرێت و کاریگەرییەکی
لاوازی هەیە.
دەشڵێت: ئەو ماددەیە لە پیشەسازی خۆراکیشدا بەکاردەهێنرێت، وەک ئەو شیرینیانەی کە پێویستیان بە بەستن
و ساردکەرەوە هەیە، هەروەها لە پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا، بەڵام کاریگەرییە بەهێزەکەی،
بۆ مرۆڤ لەلایەن بەکارهێنەری ئەم گازە لە قوڕگ و لووتدا هەستی پێدەکرێت و ڕەنگە ببێتە
هۆی سەرگێژخواردن و خنکاندن و لەدەستدانی هۆشیاری، هەروەها کاریگەری لەسەر کۆئەندامی
دەمار هەیە.
بەوتەی ئەو پزیشکە
پسپۆڕە، هۆکاری زۆر بەکارهێنانی ئەو گازە بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ هەرزانی
نرخەکەی لە بازاڕەکان و ئاسانیی دەستکەوتنی ئەو پاکێجانەی کە بە شێوازی جیاواز بەکاردەهێنرێن،
وەک تەقاندنەوەی باڵۆن بە ئامانجی هەستکردن بە خۆشی و چەند حاڵەتێکی دیکە ئەمەش دەبێتە
هۆی ئەوەی بەکارهێنەرانی توشی جەڵتەی دڵی دەستبەجێ ببن و کۆتایی بە ژیانیان بێت.
گیانلەدەستدانی کچە
مەغریبییەکە وایکرد، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە رێوشوێن بگرنەبەر بۆ سنوردارکردنی
قاچاخچێتی و بازرگانیکردنیکردن بەو گازەوە.
111 جار خوێندراوەتەوە