لە جیهاندا 11 ملیۆن مێرمنداڵ جگەرەکێشن

KNN : Kurdish News Network
09:11 - 31/05/2024
تەندروستی
+
-

تەندروستی جیهانی داوا دەکات منداڵان و هەرزەکاران لە مەترسییەکانی جگەرەکێشان و توتن دوربخرێنەوە، بەپێی ئامارێکی رێکخراوەکە ئێستا لە جیهاندا 11 ملیۆن مێرمنداڵ جگەرەکێشن.

 

تەندروستی:KNNC

 

لە ساڵی 1987ەوە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی رۆژی(31ی ئایار)یان وەک رۆژی جیهانی نەهێشتنی جگەرەکێشان دەستنیشان کردوە، بۆ ئەمساڵیش رێکخراوەکە داوا دەکات منداڵان نەبنە قوربانی جگەرەکێشان، بۆئەو مەبەستەش حکومەتەکان بەو ئەرکە هەستن، بەتایبەت رێگری بکرێت لە بەبازارکردنی بەرهەمە مەترسیدارەکانی توتن لە رێگەی سۆشیال میدیاوە.

 

بەپێی ئامارێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، 11 ملیۆن مێرمنداڵ لە جیهاندا بەرهەمی جۆراوجۆری توتن بەکاردەهێنن، لەگەڵ نزیکەی 411 ملیۆن بەکارهێنەری گەورەساڵان، دەشلێت: لەسەر ئاستی جیهانی زۆرترین هەرزەکار و گەورەساڵان جگەرەکێشن.

 

تەندروستی جیهانی دەڵێت: ئامانجمان بۆ گەنجەکانمان رونە، دەمانەوێت ڕێگری بکەین لە بەکارهێنانی توتن و ئالوودەبوون بە نیکۆتین و بەرکەوتن بە بەرهەمە نوێیەکانی تووتن، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بە یاسا رێگری بکرێت، بۆ دورخستنەوەی گەنجان لە بەکارهێنانی بەرهەمەکانی توتن، چونکە تا دێت گەنجان زیاتر دەبنە قوربانی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانی توتن لەرێگەی سۆشیال میدیاوە.

175 جار خوێندراوەتەوە