چەند چارەسەرێکی سروشتی بۆ رزگاربون لە بەکتریای گەدە

KNN : Kurdish News Network
08:42 - 01/06/2024
تەندروستی
+
-

لەگەڵ بەکارهێنانی دەرمانی دژە زیندەیی، چەند چارەسەرێکی سروشتی هەن کە دەتوانرێت سودیان لێ ببینرێت بۆ چارەسەرکردن و ڕزگاربوون لە بەکتریای گەدە، هەندێک لە چارەسەرە سروشتییەکان بریتین لە پرۆبایۆتیک و گەڵای برۆکۆلی کە دەتوانن یارمەتی کەمکردنەوەی ژمارەی بەکتریای H. pylori لە گەدەیا بدەن.

 

تەندروستی:KNNC

 

هەوکردنی گەدە بەهۆی بەکتریای H. pylori هەندێک جار بێ نیشانەیە، هەر بۆیە زۆرێک لەو کەسانەی کە ئێچ پایلۆریان هەیە هەر نازانن کە ئەوەیان هەیە. ئەم بەکتریایە لەوانەیە ببێتە هۆی (ئازار و سوتانەوەی ناو سک،هەڵئاوسان،هێڵنجدان،لەدەستدانی ئارەزووی خواردن،زۆر جار لەدەستدانی پێشبینی نەکراوی کێش).

 

چارەسەری سروشتی بۆ بەکتریای گەدە:

 

 
پرۆبایۆتیک: یارمەتی پاراستنی هاوسەنگی دەدات لە نێوان بەکتریای سودبەخش و زیانبەخشی ڕیخۆڵە، توێژینەوەکان دەڵێن: بەکارهێنانی پرۆبایۆتیک پێش یان پاش چارەسەری ستانداردی H. pylori دەتوانێت ڕێژەی لەناوبردنی باشتر بکات. دژە بەکتریاکان بەکتریای باش و خراپ لە گەدەدا لەناودەبەن، بۆیە پرۆبایۆتیکەکان یارمەتی پڕکردنەوە و پاراستنی بەکتریای باشی گەدە دەدەن. هەروەها دەکرێت مەترسی گەشەکردنی کەڕوو کەم بکەنەوە.

 

چای سەوز: دەوڵەمەند بە پۆلیفینۆڵ کە دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی هەوکردن بدات، هەروەها لەوانەیە سوتاندنی چەوری زیاد بکات لە ماوەیەکی کورتدا،بەڵام بەهۆی ئەوەی چاوی سەوز کافاینی تێدایە، دەبێت ئاگاداری زیاد لە پێویست بەکارهێنانی بیت.

 

هەنگوین: توانای دژە بەکتریای هەیە دژی بەکتریای H.pylori. تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەک دەرینەخستووە کە هەنگوین دەتوانێت بە تەنها بەکتریاکە لەناو ببات، بەڵام دەتوانێت ڕێگری لە گەشەکردنی بەکتریاکە بکات، توێژەران پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بەکارهێنانی هەنگوین لەگەڵ چارەسەری ستاندارد دەتوانێت کاتی پێویستی چارەسەرییەکە کورت بکاتەوە.

 

زەیتی زەیتون: کاریگەرە لە کەمکردنەوەی گەشەی H. pylori و دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە ڕێگریکردن لە هەوکردن، بژاردەیەکی تەندروستە بۆ بەکارهێنان لە چێشتەکان و زەڵاتەدا، چونکە هەوکردن کەم دەکاتەوە و سود بە تەندروستی ئێسک و دڵ دەگەیەنێت.

 

برۆکۆلی: ئاوێتەیەک لە برۆکۆلی تازە دەرچودا هەیە کە پێی دەوترێت سۆلفۆرافان و دەتوانێت کاریگەر بێت دژی بەکتریای H. pylori.  برۆکۆلی دژە ئۆکسانێکی هەیە کە هەوکردن کەم دەکاتەوە و تەندروستی ڕیخۆڵە باشتر دەکات، هەروەها لەوانەیە  کاریگەرییەکانی بەکتریا لەسەر ڕێڕەوی هەرس بە گشتی کەم بکاتەوە.

 

چارەسەرکردن بە ڕوناکی (فۆتۆثێراپی): چارەسەری روناکی شین لەوانەیە ڕێگایەک بێت بۆ چارەسەرکردنی بەکتریای H. pylori بەتایبەت ئەوانەی بەرگریان دژی دژە بەکترییەکانیان پەیاکردووە. فۆتۆثێراپی ڕووناکی سەروو بنەوشەیی بەکاردەهێنێت بۆ یارمەتیدان لە نەهێشتنی H. pylori لە گەدەدا.

2081 جار خوێندراوەتەوە