تایبەت بە کەمخەوەکان...بەکارهێنانى حەپى مێلاتۆنین تا چەند سەلامەتە بۆ بەکارهێنان؟

KNN : Kurdish News Network
12:34 - 02/06/2024
تەندروستی
+
-

تەواوکەرى میلاتۆنین هۆرمۆنێکە بەشێوەى جەلى یان حەپ وەردەگیرێت و هاوکاریی ئەو کەسانە دەکات کە خەویان لێناکەوێت، بەڵام ئایا تەندروستە ئەم حەپە بەردەوام بۆ چارەسەرى کێشەى کەمخەوى بەکارهێنرێت؟

 

تەندروستى:KNNC


مایۆ کلینکى بەریتانى لەبارەى وەرگرتنى هۆرمۆنى میلاتۆنین ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە لەش بەشێوەیەکى سروشتى لەکاتى شەودا ئەم هۆرمۆنە زیاتر دەڕێژێت و لە رۆژدا رژاندنى کەم دەکاتەوە، ئەم کارەش بەپێی کاتژمێرى بایۆلۆژى جەستە لە هەمو کەسێکدا کاردەکات.

 

ئەو کلینیکە بەریتانیە باسى لەوەکردوە کە ئەو کەسانەى کێشەى کەمخەوییان هەیە دەتوانن بۆ ماوەیەکى کورت و دیاریکراو میلاتۆنین لەشێوەى حەپ بەکاربهێنن و ئەوەش بە کارێکى سەلامەت ناودەبات، بەتایبەت ئەگەر کەسەکە لە گەشت بێت و کاتى لێ بگۆڕێت یاخود کێشەى کەمخەوى تێدا دروست بوبێت یان کاتى خەوى تێکچوبێت.

 

هەروەک باسى لە کاریگەرییە لاوەکییەکانى ئەم حەپە کردوە ئەگەر بێتو بەشێوەیەکى بەردەوام بخورێت و ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە بەردەوام بەکارهێنانى کەسەکە توشى سەرئێشە و دڵتێکهەڵهاتن و رشانەوە دەکات و دەکرێت کەسەکەش روبەڕوى کێشەى دودڵى و خەمۆکى بکات و فشارى خوێنیش دادەبەزێنێت.

 

ئەوەش باسکراوە کە هەرکەسێک ئەم نیشانانەى تێدا دەرکەوت دەبێت واز لە بەکارهێنانى میلاتۆنین بهێنێت و ئافرەتانى دوگیان و شیردەر و ئەو کەسانەش کێشەى خەمۆکییان هەیە نابێت بەکارى بهێنن.

 

توێژینەوەکانیش رێنمایی دەدەن کە هەرکەسێک لە شەوو رۆژێکدا یەک بۆ سێ میلیگرام میلاتۆنین بەکاربهێنێت و ئەو ماوەیەش کە بەکارى دەهێنێت لە هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە تێپەڕ نەکات، رەتیشى دەکەنەوە کە بەکارهێنانى ئەم هۆرمۆنە بەشێوەى تەواوکەر (حەپ) لە دوو هەفتە تێپەڕ بکات.

 

جەختیش کراوەتەوە کە ئەم حەپە "دارعاسا" نییە و پێویستە کەسەکان بۆ رێککردنەوەى خەو و چارەسەرکردنى کێشەى کەمخەوى شێوازى ژیان و کاتەکانیان رێک بخەنەوە.


259 جار خوێندراوەتەوە