ژنێکى کەنەدى بێ ئەوەى هەرگیز ماددەى کهولى خواردبێتەوە بەردەوام سەرخۆش بوە... ئەمە چۆن دەبێت؟

KNN : Kurdish News Network
09:19 - 04/06/2024
تەندروستی
+
-

ژنێکى کەنەدى بۆ ماوەى دوو ساڵ بەهۆى چەند نیشانەیەکى نەخۆشییەکەوە دەیناڵاند کە هەم بۆ خۆى و هەم بۆ پزیشکان ببوە جێی پرسیار، لەماوەى ئەو دوو ساڵەدا ئەم ژنە نزیکەى 10 جار بەهۆى نیشانەکانییەوە چوەتە فریاکەوتنى خێرا و چەندان سەردانیشى بۆلاى پزیشکەکەى ئەنجامداوە، بەڵام نەخۆشییەکەى بێ دەستنیشانکردن ماوەتەوە.

 

تەندروستى:KNNC

 

پێگەى هەواڵى بی بی سی بڵاویکردوەتەوە؛ ئەم ژنە تەمەن 50 ساڵە کەنەدییە، نیشانەى گێژبون و بێهێزى و بورانەوەى بەردەوامى هەبوە، بەڵام دواى چەندین پشکنین و مانەوەى لە فریاکەوتنى خێرا هیچ وەڵامێکى دەستنەکەوتوە، ئەوەى تێبینى کراوە لەم سەردانانەى بۆ نەخۆشخانە تەنها ئەوەبوە کە رێژەیەکى بەرزى ماددە کهولییەکان لە خوێنيدا هەبوە، بەردەوامیش رەتى کردوەتەوە کە هیچ ماددەیەکى کهولى خواردبێتەوە.

 

ئەوەى بەردوام لە سەردانى ئەم ژنە بۆ فریاکەوتنى خێرا تێبینى کراوە ئەوەبوە کە رێژەى کهول لە لەشیدا  بەردەوام لەنێوان 30 بۆ 62 میلیمۆڵ (پێوەرى بڕى ماددە لە جەستەدا) بوە کە رێژەى ئاسایی لە جەستە دەبێت تەنها دوو میلیمۆڵ بێت و 62 میلیمۆڵ بە رێژەیەکى مەترسیدار بۆسەر ژیانى کەسەکان دادەنرێت.

 

بی بی سی ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە پزیشکان بەردەوام پرسیارى ئەوەیان لەم ژنە کردوە کە ئایا ماددە کهولییەکان دەخواتەوە؟ ئەویش بەردەوام وەڵامى داوەتەوە بەوەى کە ئایینەکەى رێگەى پێنادات بخواتەوە و هەرگیز "یەک قەترە" ماددەى کهولى نەخواردوەتەوە، ئەمەش بوەتە جێی تێبینى کۆتا پزیشک کە ئەم ژنە سەردانى کردوە و پێی وتوە کە ئەو توشبوى نەخۆشى(Auto-brewery syndrome) (ئاوتۆ بریوەرى سیندرۆم) بوە.

 

ئەم نەخۆشییە، زۆر دەگمەنە و لە جیهاندا توشبویەکى کەمى هەیە، نیشانەکانى هەمان نیشانەى کەسێکى سەرخۆشە ئەویش لەبەر ئەوەى رێژەى کهول لە لەشى کەسەکەدا بەشێوەیەکى بەرچاو بەرز دەبێتەوە بێ ئەوەى کەسەکە ماددە کهولییەکانى خواردبێت.

 

پزیشکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەم نەخۆشییە کاتێک دروست دەبێت کە بەکتریا و کەڕوى ریخۆڵەکان تەواوى کاربۆهیدراتى لەشى کەسى توشبو دەگۆڕن بۆ ماددەى کهولى و بەمەش نیشانەکانى کەسێکى سەرخۆش لە توشبوەکەدا دەردەکەوێت.

 

بۆ ئەوەى ئەم ژنە 50 ساڵە کەنەدییە لە نیشانەکانى سەرخۆشبون رزگارى ببێت، پزیشکان سیستمێکى خۆراکیان بۆ داناوە کە بەهیچ جۆرێک کاربۆهیدرات لەخۆى ناگرێت، تا رێگریی لە دروستبونى ئەو حاڵەتە بکەن.

 

بۆ یەکەمجار ئەم نەخۆشییە لە ئەفریقا ساڵى 1946 تۆمار کراوە، ئەوکات منداڵێکى پێنج ساڵان هەمان نیشانەى هەبوە و بوەتە یەکەم توشبوى ئەم نەخۆشییە دەگمەنە.

452 جار خوێندراوەتەوە