پیاز لەگەڵ ئەوەى لە
دروستکردنى زۆرینەى خواردنەکان بەکاردەهێنرێت، بە کاڵ-یش دەخورێت و بەشێک لە خەڵک
حەزێکى زۆریان بۆى هەیە، پێگەیەکى تەندروستیش باسى لە سودەکانى ئەم سەوزەواتە کردوە لەسەر تەندروستى ئەگەر بێتو رۆژانە بە کاڵى بخورێت.
تەندروستى:KNNC
پێگەى (Eating Well،) باسى لە
سودە سەرسوڕهێنەرەکانى پیاز کردوە لەسەر تەندروستى مرۆڤ و ئاماژەى بەوەداوە کە
پیاز پڕیەتى لە ڤیتامین و کانزا و پێکهاتە روەکییەکان و سودەکانی خواردنى پیازى بە
کاڵى بەمشێوەیە باس کردوە:
تەندروستى ریخۆڵەکان دەپارێزێت:
پیاز سەرچاوەیەکى سروشتى پریبایۆتیکە کە
گرنگییەکى زۆرى هەیە لە پاراستنى تەندروستى ریخۆڵەکاندا، ئەم ماددەیە هەرس نابێت و
دەبێتە خۆراک بۆ بەکتریا سودبەخشەکانى ریخۆڵە و بەمەش هاوکاریی تەندروست مانەوەى
ریخۆڵەکان دەکات.
تەندروستى دڵ دەپارێزێت
بەردەوام خواردنى پیاز سودى بۆ تەندروستى دڵ هەیە، پیاز پێکهاتەى دژە
ئۆکسان و دژە هەوکردنى تێدایە بەتایبەت کیرسیتین کە هاوکار دەبێت لە رێگرییکردن لە
بەرزبونەوەى فشارى خوێن.
هەروەک ماددەى کیرسیتین هاوکارى دابەزینى چەورییە سیانییەکان دەدات و
رێژەى کۆلیسترۆڵ دادەبەزێنێت، توێژینەوەکانیش گەیشتونەتە ئەو دەرئەنجامەى پیاز نەک
تەنها رێگە لە بەرزبونەوەى فشارى خوێن دەگرێت، بەڵکو ئەگەر رۆژانە بخورێت رێگە لە
توشبون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانى دڵ دەگرێت.
چاو دەپارێزێت
پیاز هاوکاریی تەندروست مانەوەى چاوەکان دەکات،
لەبەر ئەوەى دەوڵەمەندە بە ماددەى کبریت کە گرنگە بۆ بەرهەمهێنانى گلۆتاسیۆن کە
یەکێکە لە بەهێزترین دژە ئۆکسانەکان لە لەشدا و ئەمەش هاوکار دەبێت لە کزبونى چاو
لەگەڵ چونە تەمەنەوە.
دژە بەکتریایە
پیاز بە تایبەتمەندى دژە بەکتریا ناسراوە، هاوکارى لەناوبردنى
بەکتریاى زیانبەخش دەکات و مەترسیدارەکان دەکات، توێژنەوەکان گەیشتونەتە ئەو
دەرئەنجامەى ئەو چەورییە بنەڕەتیانەى لە پیازدا هەیە هاوکار دەبلێت لە کەمکردنەوەى
بەکتریاى وەک سالمۆنێلا.
لەگەڵ ئەم هەمو سودانەى خواردنى پیاز رۆژانە، بەڵام لە زیانیش بێبەش
نییە؛ پسپۆڕانى تەندروستى ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە ئەگەر پیاز لەگەڵ کاربۆهیدراتى
ئاڵۆز تێکەڵ ببێت دەبێتە هۆى دروستبونى ناڕەحەتى گەدە بەتایبەت لەو کەسانەى کە
کێشەى قۆڵۆنیان هەیە.
1594 جار خوێندراوەتەوە