كۆنترۆڵی دەرمان لە هەرێم: بەرهەمەكانی دابەزاندنی كێش ماددەی شێرپەنجەیان تێدایە

KNN : Kurdish News Network
06:24 - 05/06/2024
تەندروستی
+
-

ئەو بەرهەمانەی کە بۆ دابەزاندنی کێشی لەش بە ئۆنلاین دەفرۆشرێن، ماددەی شێرپەنجەییان تێدایەو كۆنترۆڵی دەرمانیش هۆشداری بە هاوڵاتیان دەدات.


هەواڵ: (KNNC)


فەرمانگەی كۆنترۆڵی جۆری دەرمان رایگەیاند: شیکردنەوە تاقیگەییەکانی دامەزراوەی خۆراک و دەرمان لە ئەمەریکا، لەناو هەندێک لەو بەرهەمانەی بە ئۆنلاین بۆ دابەزاندنی کێشی لەش دەفرۆشرێن، دەرمانی فینۆڵفسالینیان دۆزیوەتەوە کە دەبێتەهۆی شێرپەنجە.


رونیكردوەتەوە كە، فینۆڵفسالین؛ ماددەیەکی دەستنیشانکەری کیمیاییە، لە کارلێکە کیمیاییەکان بەکاردەهێنرێت، لە ئەمەریکا هەرگیز وەک دەرمان مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە و لەناو دەرمانە پەسەندکراوەکاندا نییە، لە کەنەداش پێشتر وەک رەوانکەر بەکاردەهات، بەڵام بەهۆی بونی بەڵگەی شێرپەنجەیی ئەو ماددەیە، لە ساڵی (1997) بازاڕی دەرمان کشێندرایەوە.


فەرمانگەكە، هاوڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە، پێویستە ئاگاداربن کە ئەو بەرهەمە مەترسیدارانە رەنگە لە رێگای کەناڵە جیاوازەکانەوە بۆ فرۆشتن پێشکەشبکرێن، لەوانە؛ ئینتەرنێت، بازاڕە گەورەکانی ئۆنلاین، سۆشیال میدیا، ئیمێڵ، پۆست، ساڵۆن، دەرمانخانە، دوکانی گیادەرمانی، بەهاراتفرۆشەکان و کۆگای خۆراک.


كۆنترۆڵی جۆری دەرمان داوا لە هاوڵاتییان دەكات کە بەرهەمی دەرمانسازی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی لەڕێی راوێژی پزیشکی پسپۆڕ وەربگرن و دەرمانیش دوای راوێژی دەرمانساز لە دەرمانخانەکان بکڕن، تەنها ئەو دەرمانانە بەکاربهێنن کە ستیکەری کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان – وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لەسەرە.

177 جار خوێندراوەتەوە