ئەوەى پێویستە لەبارەى نەخۆشى پاقلەوە بیزانیت

KNN : Kurdish News Network
08:16 - 11/06/2024
تەندروستی
+
-

پزیشکێکى پسپۆڕى نەخۆشییەکانى منداڵان نەخۆشى پاقلە بەتایبەت لە منداڵاندا رون دەکاتەوە و چەند رێنماییەکى گرنگ و پێویستیش دەدات بە دایک و باوکان، بەتایبەت ئەوانەى منداڵەکانیان نەخۆشى پاقلەیان هەیە.

 

تەندروستى:KNNC

 


د. پشدەر عەبدوڵا، پسپۆڕى نەخۆشییەکانى منداڵان لەبارەى نەخۆشى پاقلەوە نوسیویەتى؛ ئەم نەخۆشییە کاتێک دروست دەبێت کە لە خرۆکە سورەکانى خوێندا ئەنزیمێک نییە بیانپارێزێت لە شیبونەوە لەکاتى خواردنى چەند جۆرێک لە خواردن و دەرمان، یان لەکاتى هەوکردن لە ڤایرۆس و بەکتریا.

 

لەبارەى ئایا منداڵى کچ یان کوڕ زیاتر توشى ئەم نەخۆشییە دەبن ئەو پزیشکە پسپۆڕە دەڵێت: ئەو جۆرە نەخۆشیە لە باوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکانی لە رێگەی کڕۆمۆسۆمی (X) ەوە ، کەواتە منداڵی کوڕ زۆرتر توشی ئەم نەخۆشییە دەبێت بەوەی تەنها یەک کڕۆمۆسۆمی X ی هەیە ، بەڵام بۆ توشبونی کچ پێویستە هەردو کڕۆمۆسۆمەکە هەڵگری نەخۆشیەکە بن یان یەکێک لە کڕۆمۆسۆمەکان چالاک نەبێت.


نیشانەکانى ئەم نەخۆشییە؛ پشدەر عەبدوڵا بەمجۆرە رونیکردوەتەوە؛

*لە منداڵانى  تازە لە دایکبودا بەشێوەی زەردویی و کەم خوێنی دەردەکەوێت

*لە گەورەدا زەردویی دەگرێت و خوێنی کەم دەکات بەشێوەیکی کوتوپر،  رەنگی کاڵ دەبێت و رەنگی میزەکەی تۆخ وەک چای لێدێت.

لە بەکارهێنانى کام دەرماندا کێشەى نەخۆشى پاقلە لە منداڵەکەدا سەرهەڵدەدات؟
*هەندێک جۆر دەرمان وەک هەندێک دژە بەکتریا،  دەرمانی چارەسەری مەلاریا ، ئەسپرین، پاراسیتامۆڵ.
*هەندێک ماددەی کیمیایی وەک بەنزین و نافسالین .
*هەوکردنی بەکتریا یان ڤایرۆس.
*تەنها ئەو کەسانەی ئەو جۆرە نەخۆشیەیان هەیە بە خواردنی پاقلە توشی کەمخوێنی دەبن، ئەگەری هەیە بە بۆنی باقلەش توش بن.


لەبارەى ئەو خواردنانەى کەسەکان توشى نەخۆشى پاقلە دەکات پشدەر عەبدوڵا رونیکردوەتەوە؛هەندێک خواردن و خواردنەوە و دەرمانی تر هەن ئەگەری هەیە خوێن شی بکاتەوە، بەڵام وەک پاقلە هوکاری سەرەکی نییە وەک: نیسک،  فاسوڵیا،  نۆک،  گەنمەشامی، کاتشاپ،  خواردنی لە قوتونراو،  شەربەتی گیراوە،  ئاوی بیر، ئیندۆمی، ماجی،  مەعجونی ددان، دۆشاوی تەماتە،  چا.

 

هەروەک باسى لەوەشکردوە کە ئەم نەخۆشییە چاکبونى نییە، بەڵام لەگەڵ گەورەبوندا نیشانەکانی کەمتر دەرئەکەون ، ئەوەش لەوانەیە بەهۆی گەورەبونی قەبارەی خوێنەوە بێت لەگەڵ گەورەبونی تەمەندا.

 

رێنمایییەکان بۆ دایک و باوکان:

*پێویستە ئەو دایک و باوکانەی منداڵەکەیان نەخۆشی پاقلەی هەیە زۆر ئاگاداری منداڵەکەیان بن لە خواردنی ئەو خواردنانەى لە سەرەوە باسکراون،  لەکاتی سەردانی نەخۆشخانە بە پزیشکەکە بڵێن کە ئەو نەخۆشیەی هەیە، بەردەوام ئاگاداری رەنگی پێستی، لەگەڵ رەنگی میزی نەخۆشەکە بن .

*هەرکاتێک هەستت کرد منداڵەکەت رەنگی زەردە یان میزەکەی رەنگی وەک چای لێهاتوە یان بێهێزە یەکسەر سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان بکە بۆ پشکنین چونکە گەر خوێنی منداڵەکە زۆر کەمی کردبو دەبێت بە زوترین کات خوێن وەربگرێت.

*گەر باوک و دایک ئەو نەخۆشیەیان هەبو یان  کەسی نزیکیان هەیبو ئەتوانن پشکنینی خوێن بۆ منداڵەکانیان بکەن بۆ ئەوەی پێشوەخت بزانن ئەو ئەخۆشییەیان هەیە یان نا بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بپارێزن لەو خواردن و دەرمانانە.

*بۆ ئامادەکردنی یاپراخ پاقلە بەکار نەهێنن بۆ ئەو خێزانانەی کە منداڵەکەیان نەخۆش پاقلەی هەیە.

1215 جار خوێندراوەتەوە