سێ موچە فەوتاوەکەى فەرمانبەران خرایە ئەستۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان

KNN : Kurdish News Network
09:30 - 13/06/2024
ئابوری
+
-

وەزیرى دارایی عێراق پێنەدانی سێ موچەکە فەوتاوەکەى ساڵى رابردوى خستە ئەستۆی حکومەتی هەرێم.

 

هەواڵ:KNNC

 

سۆران عومەر، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و ئەندام لە لیژنەى دارایی ئەنجومەنەکە رایگەیاند؛ لەماوەی رابردودا (ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی) سەردانی شاری بەغدادیان کرد، داوای سێ موچەکەی ساڵی 2023 مان بە نوسراوی ژمارە (765/د لە 22/5/2024) بە یاداشتێکی مامۆستایان و فەرمانبەران ئاڕاستەی وەزیری دارایی فیدراڵ کرد.

 

دەڵێت: لە وەڵامدا وەزیری دارایی تەیف سامی بەنوسراوی ژمارە (15533 لە 10/6/2024) ئاماژە بەوە دەکات لەڕێی بانکەکانی رەشید و رافیدەین و TBI بە چوار بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران پارەیان بۆ هەرێم ناردوە و ئەو بابەتەش (سێ موچەکە) لە تایبەتمەندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوە کە هەرچەندە تەیف سامى وەڵامى پرسی ئەم سێ موچەی بەنادیاری هێشتۆتەوە، بەڵام بەرپرسیارێتیەکەی خستۆتە سەر حکومەتی هەرێم.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، موچەى مانگەکانى (10 و 11 و 12)ـى فەرمانبەران و موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى رابردو دابەش نەکراوە و تا ئێستاش دیارنییە فەرمانبەرانى هەرێم، چارەنوسى ئەم سێ موچەیەیان لەنێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵ بەکوێ دەگات.

600 جار خوێندراوەتەوە