نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، ئابوری سوریا
پێویستی بە 50 ساڵ هەیە بۆئەوەی ببوژێتەوە، دەشڵێت: 90%ـی سورییەکان
لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
ئابوری:KNNC
بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، بۆئەوەی سوریا گەشەیەکی
ئابوری بەهێز بەدەستبهێنێت، لانیکەم پێویستی بە 10 ساڵ هەیە بۆئەوەی بگەڕێتەوە ئابوری
پێش قۆناغی جەنگ.
راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان، هۆشداریشیداوە لە خاوبونەوەی گەشەی ئابوری
کە ئێستا سوریا بەخۆیەوە دەبینێت، جەختیکردوەتەوە ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوامبێت،
بۆ بوژانەوەی کەرتی ئابوری پێویستی بە نیو سەدە هەیە.
ئەوەشهاتوە، لەکۆی 10 کەس لە سوریا نۆ کەسیان
هەژارن، لە هەر چوار کەسیش یەک کەس بێکارە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لەساڵێک پێش هەڵگیرسانی شەڕدا،
بەرهەمی ناوخۆیی سوریا 62 ملیار دۆلار بووە و ڕێژەی گەشەسەندنی زیاتر لە 5% بووە بە
بەراورد بە پێنج ساڵی ڕابردو.
هەروەها، تێچوی ئابوری شەڕەکە لەماوەی ساڵی 2011 تا 2024 نزیکەی 800 ملیار
دۆلاری ئەمریکی بووە.
تەمەن و ئاستی خوێندن و داهاتی تاک بە ڕێژەی 40% دابەزیوە.
ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان ئاماژەی بەوە
کردوە، 40-50%ی منداڵانی تەمەن 6-15 ساڵ ناچنە قوتابخانە، هەروەها نزیکەی یەک لەسەر
سێی یەکەکانی نیشتەجێبون لە ماوەی ساڵانی شەڕ و پێکدادانەکاندا وێران بون یان زیانێکی
زۆریان پێگەیشتووە، بەمەش 5.7 ملیۆن کەس لە سوریا پێویستیان بە پشتیوانیی پەناگە هەیە.
زیاتر لە 600 هەزار سوری لە جەنگدا گیانیان لەدەستداوە،
هەروەها 90%ی خەڵکی سوریا لە ژێر هێڵی هەژاری دەژین، زیاتر لە 70%ی وێستگەکانی کارەبا
و هێڵەکانی گواستنەوە لەناوچون، ئەمەش توانای تۆڕی نیشتمانی زیاتر لە سێ لەسەر
چوار کەمیکردوە.
ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێت، "هەمو
ئەم هۆکارانە بوژانەوە دەکەنە ئەرکێکی قورس کە پێویستی بە دیدێکی نیشتمانی ڕوون،
چاکسازی قووڵ، هەماهەنگی کاریگەر لە نێوان دامەزراوەکاندا هەیە، کارگێڕی بەرنامەی
گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە دەرچونی سوریا لە دۆخی ئێستا
پێویستی بە یارمەتیی مرۆیی بەپەلە هەیە.
73 جار خوێندراوەتەوە