بەئامانجی
بەدەستهێنانی داهاتی بەرز، ژمارەیەكی زۆری بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاواتەخوازن
بەناوبانگ ببن، رۆژنامەیەكی ئەمەریكی ئاشكرایكردوە كە زۆربەی بلۆگەرەكان نازانن کە
بەدەستهێنانی ئەو داهاتە "دڵنیایی نییە".
هەواڵ: (KNNC)
لەراپۆرتێكدا
رۆژنامەی (The
Wall Street) لەسەر زاری ژمارەیەك شارەزای تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاویكردوەتەوە،
دروستكردنی بابەتێك و بڵاوكردنەوەی لە پلاتفۆڕمەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەمەبەستی بەدەستهێنانی
داهاتێکی بەرز کارێکی ئاسان نییە، زۆرێک لە
ئەو كەسانەی لەم بوارەدا کاردەکەن، دوای لەناوچونی سەروەت و سامانەكەیان ئاواتەخوازن
تەنها خەرجییەکانی بەرهەمهێنان بەدەستبهێننەوە.
پێشتر کۆمپانیای
گۆڵدمان ساکس، ئامارێكی بڵاوكردبویەوە كە لە کۆی سەدان ملیۆن کەس کە كار لەسەر دروستکردنی
ناوەڕۆکی دیجیتاڵی لە سەرانسەری جیهاندا دەكەن و چالاكی بوارەكەن، نزیکەی (50) ملیۆنیان
داهاتێکی دیاریكراو بەدەستدەهێنن.
رونیشیكردبویەوە،
ژمارەی ئەو کەسانەی لە رێگەی دروستکردنی ناوەڕۆکی دیجیتاڵییەوە پارە بەدەستدەهێنن،
پێدەچێت بەڕێژەیەکی ساڵانە لە نێوان (10% بۆ 20%) تا ساڵی (2028) گەشە بکات، بەمەش
ژمارەی چالاکوانانی بۆ دو هێندە بەرزدەبێتەوە و چانسی بەدەستهێنانی پاداشتێک کەم دەبێتەوە.
بەبڕوای پسپۆڕانی
پلاتفۆڕمەكان، بۆ بەدەستهێنانی داهاتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رەنگە چەند مانگێک یان
ساڵانێک بخایەنێت، هەروەك ئاماژەشیان بۆ ئەوەكردوە؛ ویستی بینەر و وەرگر بۆ
بەرهەمهێنانی بابەتەكان و زیادبونی ژمارەی فۆڵۆ بەواتای گەڕانەوەی پاداشت و
بەدەستهێنانی داهات نایەت.
275 جار خوێندراوەتەوە