واشنتۆن ژمارەیەك کەشتی جەنگی لە كەنداو جێگیر دەکات

KNN : Kurdish News Network
02:46 - 01/08/2024
جیهان
+
-

بەهۆی زیادبونی گرژییەكان لەدوای كوشتنی بەرپرسی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەمماس، ئەمەریکا (12) کەشتی جەنگی لە ناوچەی كەنداو و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیر دەکات.

 

هەواڵ: (KNNC)


بەرپرسێک لە وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مەریكا (پنتاگۆن) بەمیدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندوە: بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی گرژییەكان لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرەشەكانی ئێران بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل، لەدوای بەئامانج گرتنی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەمماس، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا (12)  کەشتی جه‌نگی لە ناوچەی کەنداو و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیر دەكات كە تیمەکانی هێرشبەر و زیاتر لە (4000) هێزی دەریایی لەخۆدەگرن.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بۆ وەڵام دانەوەی هێرشەكانی حوسییەكانی یەمەن، ئەمەریکا ژمارەیەک کەشتی جەنگی کە لە دەریای سور جێگیر كردوە، ئەوەش كە ئەوەش مەترسی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا كەمدەكاتەوە.

 

قسەكانی بەرپرسەكەی پنتاگۆن لە كاتێكدایە كە وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمەریكا رایگەیاندبو: سەرباری جەختكردنەوە لە كاركردن بۆ راگرتنی جەنگی غەززە، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا بەڵێنی بە ئیسرائیل داوە كە لەهەمو هێرشێكی دوژمنكارانە بیپارێزن و واشنتۆن پابەندە بەبەڵێنەكەی خۆییەوە.

 

پێشتریش، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتبوی: بەهۆی كوشتنی بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەمماس لە تاران، ململانێكان زیاتر پەرەی سەندەوە و توندوتیژییەكان بەرەو ئازاری زیاتر و نائارامی زیاتر دەڕوات، بەڵام ئەوەی كە گرنگە تێپەڕاندنی دۆخەكەیە كە سەرەتا بە كۆتایی هێنان بە جەنگ و ئاگربەست لە غەززەوە دەستپێدەکات.

232 جار خوێندراوەتەوە