كەشناسێك: بەهۆی هاتنی شێ لە دەریای سور و زەریای هندی باران دەبارێت

KNN : Kurdish News Network
06:21 - 23/08/2024
کوردستان
+
-

كەشناسێك ئاشكرای دەكات: بەهۆی هاتنی شێ لە دەریای سور و زەریای هندی، لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێم باران دەبارێت و بەراورد بە مانگی ئاب شەپۆلە گەرماكانی مانگی ئەیلول پلەكانی نزمترن.


هەواڵ: (KNNC)



پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای كەشوهەوا بە (KNN)ـی راگەیاند: بەپێی پێشبینییەكان و بەهۆی هاتنی شێ لە دەریای سور و زەریای هندی بەرەو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان،  رۆژانی شەممە تا سێ شەممە ئاسمانی هەرێم نیمچە هەور دەبێت، لە هەندێ كاتشیدا دەگۆڕیت بۆ هەوری تەواو، لەگەڵ رودانی هەورە بروسكە، لە بەشێكی ناوچە جیاجیاكان باران دەبارێت.



وتیشی: ئەستێرەی گەلاوێژ لە (25/7 بۆ 10/8) لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان دەردەكەوێت و لە (25/8) دەكەوێت، ئەوەش نیشانەیە بۆ نەمانی گەرمای هاوین و فێنك بونی كەشوهەوا لە ناوچەكەدا، بەڵام بەهۆی گەرم بونی زەوی كە هەرێم بێبەش نەبوە لەو گۆڕانكارییە، تا مانگی نۆ و سەرەتای مانگی (10) شەپۆلەكانی گەرما بەردەوامی هەیە.



ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەپێی پێشبینییەكان پێدەچێت پلەكانی گەرما لە مانگی ئەیلولدا لەسەروی ئاستی ئاساییەوە بێت و جاروباریش پلەكانی گەرما بەرزببنەوە، بەڵام بەراورد بە مانگی ئاب پلەكانی كەمتردەبێت، هەروەها ئەم شەپۆلە گەرماییەی چەند رۆژێكە روی لە ناوچەكە كردوە تا (5/9) بەردەوام دەبێت.

1813 جار خوێندراوەتەوە