کوێستان محەمەد: بەغداد هیچ تێبینییەکی لەسەر لیستی موچەی وەزارەتەکەمان نییە

KNN : Kurdish News Network
11:09 - 24/08/2024
کوردستان
+
-

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، بەغداد هیچ تێبینییەکی لەسەر لیستی موچەی وەزارەتەکەیان نییە و تەنها داوایان لێکراوە لێبڕینی خانەنشینی زیاد بکەن.

 

هەواڵ:KNNC

 

کوێستان محەمەد وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، داوایان کردوە بچنە بەغداد بۆئەوەی 30 هەزار خاوەنپێداویستی نوێ تۆمار بکەن و لەهەمان کاتیشدا موچەی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان هاوتای بەغداد بکرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانیان لە بەغداد ئەوەیە پارەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، سەرجەم زانیارییەکانیان ناردوە و چاوەڕوانی وەڵام دەکەن.

 

باسی لەوەشکرد، چاودێری دارایی عێراق هیچ تێبینییەکی لەسەر لیستی موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی کار نییە، بۆیە هەمو ئەو دەنگۆیانەی لەسەر ئەو پرسە هەبون رەتدەکەنەوە.

 

بە وتەی کوێستان محەمەد، بەغداد داوای لێکردون لێبڕینی خانەنشینی لە (7%) بەرزبکەنەوە بۆ (10%)و جارێکی دیکە بەو لێبڕینەوە لیستی موچەیان بۆ بنێرنەوە.

 

راشیگەیاند، تەنها کێشەیەک هەبێت لە لیستی موچەی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان ئەوەیە، کەمئەندامانی بەشێک لە ناوچە جێناکۆکەکان دوو موچە وەردەگرن یەکێکیان لە هەرێم و ئەوەی دیکەشیان لەسەر میلاکی بەغداد، لە ئێستادا لەهەوڵی چارەسەرکردنی ئەو گرفتەن، کە ژمارەیان 900 کەسە، هۆکارەکەش ئەوەیە وەزارەتی کاری هەرێم لیستی موچەی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکانی عێراقی لانەبوە تا ئەو گرفتە دروست نەبێت.

369 جار خوێندراوەتەوە