دلێر عەبدولخالق: هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان چیتر هەست بە ئارامیی ناکەن

KNN : Kurdish News Network
05:13 - 24/08/2024
کوردستان
+
-

جارێكی دیكە بزوتنەوەی گۆڕان بەتوندی ئیدانەی هێرشى درۆنیی و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دەكات و وتەبێژى بزوتنەوەکەش رایدەگەیەنێت: سەرجەم قوربانییەکان هاوڵاتیی سیڤیل و رۆژنامەنوسن و جەختیش لە پێویستى دانانى سنورێک دەکاتەوە بۆ ئەو هێرشانەى تورکیا دەیانکاتەسەر ئاسایشى نیشتیمانى هەرێمى کوردستان و عێراق.


هەواڵ: (KNNC)


دوای بەشداریكردنی عومەری سەید عەلی و شاندێكی بزوتنەوەی گۆران لە پرسەی یەكێك لە قوربانییەكانی هێرشە درۆنییەکەى دوێنیی سنوری سەیدسادق، دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان بەتوندی ئیدانەی هێرش و پەلامارەكانی توركیا بۆسەر خاك و هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەكات كە چەند ساڵێكە درۆن و فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا سنوری خاكی هەرێمی كوردستان دەبەزێنن و خەڵكی سڤیل بەئامانج دەگرن، ماوەیەكیشە هێرشەكانی توركیا بۆسەر سلێمانی بەردەوامی هەیە.

 

 

وتیشی: بۆ بە ئامانجگرتنی دو هاوڵاتی سڤیل كە رۆژنامەنوس بون، دوێنێ سوپای توركیا بەدرۆن هێرشی كردوەتە سەر ئۆتۆمبێلێك كە بەهۆیەوە دو رۆژنامەنوس شەهید بون و ژمارەیەك هاوڵاتی مەدەنی دیكە برینداربون، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان ئەم كەیسە بە تیرۆر دەبینێت، چونكە دو شەهیدەكە كەسایەتی ناسراوی ناو میدیای كوردی بون.

 

 

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەبەر ئەوەی ئۆپراسیۆنەكان خەڵكی مەدەنی بەئامانج دەگرێت كە لەنێویاندا رۆژنامەنوس هەیە، پێویستە بازنەی ناڕەزاییەتەكان فراوانتر بكرێت، پارتە سیاسییەكان، رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی كەسایەتی و   ئازادیخوازان دەنگ هەڵبڕن، هەروەها رەوەندی كوردی رۆڵی خۆی لە گەیاندنی ناهەقییەكان بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵی خۆی بگێرێت.

 

 

دلێر عەبدولخالق راشیگەیاند: خەڵكی هەرێمی كوردستان بەگشتی و بەتایبەتی دانیشتوانی ناوچە سنورییەكان، هەست بە نا ئارامی دەكەن، بۆیە پێویستە هەردو حكومەتی هەرێم و عێراقی فیدراڵ، سنورێك بۆ پێشێلكارییەكان و هێرش كردنە سەر خاكی هەرێمی كوردستان دابنێن؛ بەپێچەوانەوە ژمارەی هێرشەكان و قوربانییەكان زیاتر دەبن.

143 جار خوێندراوەتەوە