وەزارەتی دارایی: زیادکردنی ناوی 30 هەزار موچەخۆر دورە لە راستییەوە

KNN : Kurdish News Network
10:24 - 24/08/2024
کوردستان
+
-

وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایدەكات؛ زیادکردنی ناوی (30) هەزار موچەخۆر لە لیستی موچە دورە لە راستییەوە، بەڵكو بەراورد بە لیستی موچەی مانگی (7) تەمموز كە تا ئێستا تەمویلەکەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە (577) موچەخۆری کەمترە.

هەواڵ: (KNNC)

 

وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردوەتەوە كە تیایدا هاتوە: زیادکردنی ناوی (30) هەزار موچەخۆر لە لیستی موچە دورە لە راستییەوە و كۆی ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم لە لیستی مانگی تەمموز بە (مەدەنی و سەربازی و خانەنشین)ـوە بریتییە لە یەك ملیۆن و (132) هەزار و (390) کەس، لە کاتێکدا کۆی ژمارەی موچەخۆران لە مانگی حوزەیراندا یەک ملیۆن و (132) هەزار و (967) کەس بوە، کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی دوای وردبینی تەمویلی بۆ خەرج کردون.

 

رونیكردوەتەوە؛ لیستی موچەی مانگی (7) تەمموز كە تا ئێستا تەمویلەکەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە (577) موچەخۆری کەمترە لە لیستی مانگی حوزەیران، کە ئەوانیش فەرمانبەری مەدەنی و سەربازی بون و لەو مانگەدا خانەنشین کراون، بەڵام بەهۆی تەواونەبونی مامەڵەکانیان ناویان نەخراوەتە ناو لیستی موچەی خانەنشینان.

 

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، تەمویلی کۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەمموز (7) دوای لێ بڕینی خانەنشینی و باج و لێ دەرکردنی بودجەی هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان کە بڕەکەی (54) ملیار و (208) ملیۆن دینارە، بریتییە لە (956) ملیۆن و (876) هەزار دینار کە ئەوەش نزیک و هاوشێوەی تەمویلی مانگەکانی رابردوە، کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دوای وردبینی تەمویلەکەی خەرج کردوە.

529 جار خوێندراوەتەوە