موعین كازمی: گرفت بۆ دابەشكردنی موچە دروست نابێت

KNN : Kurdish News Network
04:29 - 13/09/2024
ئابوری
+
-

ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دڵنیایی دەدات بە موچەخۆران كە دابەزینی نرخی نەوت گرفت بۆ دابەشكردنی موچە دروست ناكات، بۆ ئەو مەبەستەش حكومەت زیاتر لە (145) ترلیۆن دینار یەدەكی لەبەردەستایە.

ئابوری: (KNNC)


موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: بەهۆی نەبونی خواست لەسەر نەوت لە جیهاندا، نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین، ئەوەش عێراق روبەڕوی كێشەی دارایی دەكاتەوە، چونكە لە بودجەی هەرسێ ساڵەكەدا نرخی خەمڵێنراوی یەك بەرمیل نەوت بە (70) دۆلاری ئەمەریكی هەژماركراوە، بەڵام بەپێی پێشبینی ئابوریناسەكان نرخەكەی بۆ خوار (70) دۆلار دادەبەزێت.

 

وتیشی: رۆژانە عێراق سێ ملیۆن و (400) هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، داهاتەكەشی بە (120) ترلیۆن دینار بۆ ئەمساڵ هەژمار دەکرێت، هەروەها داهاتی نانەوتییش بە (27) ترلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت، كە دەتوانرێت بەبێ كێشە موچەی فەرمانبەرانی پێدابین بكرێت.

 

لە لێدوانەكەیدا بۆ میدیا عێراقییەكان موعین کازمی، رونیكردوەتەوە؛ لەگەڵ ئەوەی لە بودجەی ئەمساڵدا (211) ملیار دینار بۆ خەرجییەكان هەژماركراوە، بەڵام بودجەی كارپێكردنی و تێچوەكانی حكومەت بۆ ئەم چەند مانگەی ساڵی (2024) كە ماوە، لە (150) ترلیۆن دینار تێپەڕناكات.

 

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆئەوەکرد، دابەزینی نرخی نەوت راستەوخۆ كاریگەری لە سەر  خەرجی وەبەرهێنان بۆ گەشەپێدانی هەرێمەکان و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکان، دەبێت، بەڵام ئەوەی كە گرنگە رانەگرتنی موچەی موچەخۆرانە كە بەدڵنیاییەوە گرفتی بۆ دروست نابێت.

616 جار خوێندراوەتەوە