رۆژنامەیەکى ئیسرائیلى
ئاشکرایکردوە کە سەرۆک وەزیرانى وڵاتەکە بەهۆى ئەنجامنەدانى هێرشى بەرفراوان بۆسەر
لوبنان، هەڕەشەى لابردنى وەزیرى بەرگرى دەکات.
هەواڵ:KNNC
رۆژنامەى (تایمز ئۆف
ئیسرائیل) بڵاویکردوەتەوە؛ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل جارێکى
دیکە هەڕەشەى دەرکردنى لە یواف گالانت، وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل کردوە، چونکە ئامادە
نییە و رەتى دەکاتەوە هێرشى بەرفراوان بۆسەر لوبنان ئەنجام بدات.
ئاماژە بۆ ئەوەکراوە
گالانت رازى نییە بەو هێرشە و کاتەکەى بە گونجاو نازانێت و دەیەوێت هەلێک دروست
ببێت بۆ چارەسەرى دیپلۆماسیی و رێککەوتن بۆ راگەیاندنى ئاگربەست لە غەززە.
لاى خۆیەوە پێگەى
ئەکسیۆسى ئەمەریکى بڵاویکردوەتەوە کە روبەڕوبونەوەیەکى توند لەنێوان نەتەنیاهۆ و
گالانت دروستبوە بەهۆى ناکۆکییە سیاسییەکانى نێوانیانەوە و ناکۆکیەکانیشیان
بەردەوام لە زیادبوندایە.
لە 7ـى ئۆکتۆبەر و
دروستبونى شەڕى نێوان ئیسرائیل و حەمماسەوە، حیزبوڵاى لوبنان و ئیسرائیل رۆژانە
لەڕێی سنورى ئیسرائیل و لوبنانەوە هێرش بۆسەر یەکتر ئەنجام دەدن، حیزبوڵا بەشێوەیەکى
سەرەکی بنکەکانى ئیسرائیل بەئامانج دەگرێت.
327 جار خوێندراوەتەوە