شارەزایەكی كەشوهەوا: هەوری باراناوی رویان لەهەرێم كردوە

KNN : Kurdish News Network
06:48 - 19/09/2024
کوردستان
+
-

شارەزایەكی كەشوهەوا رایدەیگەیەنێت: هەوری باراناوی رویان لەهەرێم كردوە و بەپێی پێشبینییەكانیش كاریگەری لەسەرجەم ناوچەكانی هەرێم دەبێت.

هەواڵ: (KNNC)

 

شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشوهەوا رایگەیاند: هەوری باراناوی رویان لە بەشێك لە ناوچە سنوریەکانی هەرێم كردوە و  لە کاتژمێرەکانی داهاتودا ئەگەر چڕبونەوە و رودانی هەورە بروسکە لە شاخاویه سنوریەکانی دهۆک و هەولێر و ئیدارەی راپەرین هەیە.


وتوشیەتی: لەکاتەکانی درەنگانی شەوەوە بۆ بەرەبەیانی هەینی، حاڵەتێکی ناسەقامگیری کەش بەشێوەی بەرفراوان دەستپێدەکات، كە سەرەتا لەناوچەکانی باکوری هەرێم (بادینان)ـەوە دواتر بەتێپەڕ بونی کات زۆربەی ناوچەکانی دیكەش دەگرێتەوە، رونیكردوەتەوە؛ بەپێی پێشبینییەكان، چەقی حاڵەتەکە سبەینێ هەینی دەبێت، ئەگەری تاوە باران و هەورە بروسکە  لە ناوچە جیاوازەکان هەیە، لەگەڵ زیادبونی خێرایی "با".


سەبارەت بە پلەكانی گەرما، راشیگەیاندوە: پلەکانی گەرما زیاتر رو لە دابەزین دەكەن، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆترین کاریگەری حاڵەتەکە لەسەر تورکیا و بەشێکی شام دەبێت، پێدەچێت زۆترین کاریگەری لەسەر بادینان و بەشێکی سنوری هەولێر و راپەرین بێت و لە ناوچە جیاوازەکانی دیكە کاریگەرییەكەی کەمترە.


شاڵاو هیدایەت، شارەزاكەی كەشوهەوا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، سەرەتای هەفتەی داهاتو بۆ ناوەڕاستی هەفتەکە و بەهۆی مانەوەی پاشماوەی حاڵەتی ناسەقامگیرییەكە، جارێكی دیكە هەور دروست دەبێتەوە و ئەگەر هەیە لە هەندێك ناوچە چربونەوە روبداتەوە.

4514 جار خوێندراوەتەوە