سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەینێت؛ ئەركی وەزارەتی تەندروستییە
كە داوودەرمان و كەلوپەلی پزیشكی پێویست بۆ چارەسەرکردن دابین بکات، دەشڵێت: راکێشانی
دەستی کەرتی تایبەت بۆ ناو هەناوی وەزارەتەکان بارگرانی بۆسەرشانی خەڵک و
دەوڵەمەندکردنی کۆمپانیاکان، ئەوەندەی دیکە متمانە بە کەرتی تەندروستی ئەم وڵاتە
ناهێڵێتەوە، هەروەك ئاشكراشیدەكات كە لەدژی گرێبەستەکەی وەزارەتی تەندروستی، سەرجەم رێکارە دەستوری و یاساییەکان دەگرنە بەر.
هەواڵ: (KNNC)
جوانڕۆ محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان
رایگەیاند: بەپێی یاسای ژمارە (15)ـی ساڵی (2007)ـی وەزارەتی تەندروستی، مادەی
هەشتەم؛ ئامانج و ئەركی وەزارەتە كە داو و دەرمان و كەلوپەلی پزیشكی هەمەجۆری
پێویست بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پزیشکی و خۆپاراستن و چارەسەرکردن دابین بکات و
پێشکەش بکات.
پەرلەمانتارەكەی بزوتنەوەی گۆڕان رونیكردوەتەوە، بەپێی هەمان ماددە؛ سەرپەرشتیکردنی
عیادە میلییەکان و دابینکردنی ئامێرە پزیشکییەکان ئەرکی وەزارەتی تەندروستییە و
ئیجبارکراوە بۆ ئەم بابەتە، بۆیە؛ پشتبەست بە دەستوری عێراق دابینكردنی
خزمەتگوزاری تەندروستی پێویستە خۆڕای یان ڕەمزیبێت.
سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بۆ
ئەوەدەكات، راکێشانی دەستی کەرتی تایبەت و کۆمپانیا بۆ ناو هەناوی زۆرینەی وەزارەتەکان
بەگشتی و بەتایبەت وەزارەتێکی پەیوەست بەژیانی هاوڵاتی (وەزارەتی تەندروستی) وێڕای
بارگرانی بۆسەرشانی خەڵک و دەوڵەمەندکردنی کۆمپانیاکان، ئەوەندەی دیکە متمانە بە
کەرتی تەندروستی ئەم وڵاتە ناهێڵێتەوە.
جوانڕۆ محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاندوە: لەپێناو
سەروەربونی یاسا و لەدژی گرێبەستەکەی وەزارەتی تەندروستی، سەرجەم رێکارە دەستوری و یاساییەکان دەگرنە بەر.
164 جار خوێندراوەتەوە