واشنتۆن: نابێت وەڵامی تەلئەبیب بۆسەر تاران گرژی ناوچەكە زیاتر بكات

KNN : Kurdish News Network
04:27 - 22/10/2024
جیهان
+
-

واشنتۆن پۆست ئاشكرایكرد، لەسەر وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئێران، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل گفتوگۆی كردوە و جەختی كردوەتەوە كە نابێت وەڵامەكەی تەلئەبیب گرژی ناوچەكە زیاتر بكات.


هەواڵ: (KNNC)


رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەسەر زرای بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی بڵاویكردوەتەوە؛ بۆ تاوتوێ كردنی وەڵام دانەوەی هێرشەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسیانی تەلئەبیب كردوە.

 

رونیكردوەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جەختی كردوەتەوە، دەبێت وەڵام دانەوەی هێرشەكەی ئێران بەجۆرێك بێت نەبێتە هۆی هەڵكشانی زیاتری گرژی و ئاڵۆزی ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بلینكن لەرێگەی چارەسەری دیپلۆمایسییەوە كار بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكانی لوبنان دەكات، هەروەها پلانی هەیە سوپای لوبنان بەهێز بكات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكێك بۆ ئەو وڵاتە.

 

هاوكات، كەناڵی (BBC) ئاشكرایكرد، ئامۆس هۆکستاین، كە بەرپرسێكی ئەمەریكی لە لوبنان كار بۆ كۆتایی هاتنی ململانێكان و گەیشتن بە رێككەوتنێكی هەمیشەیی لە ئەو وڵاتە دەكات.

 

لای خۆشیەوە، کەناڵی (12)ـی ئیسرائیل رایگەیاند: حزبوڵای لوبنانی هێرشی كردوەتەوە سەر ناوچەیەكی ئیسرائیل و ئاگرێكی گەورە لە بەیت حامک و ئۆشارات لە رۆژئاوای جەلیل كەوتوەتەوە و تیمەكانی بەرگری شارستانی بەهاوكاری شەش كۆپتەر لە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكەدان.

431 جار خوێندراوەتەوە