بانکی (TBI): لە فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر دۆلار بەنرخی فەرمی بە گەشتیاران دەفرۆشرێت

KNN : Kurdish News Network
11:09 - 27/10/2024
ئابوری
+
-

بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI) رایگەیاند؛  لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، دەروازە بۆ فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی دەکاتەوە، کە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەداتە گەشتیاران.

هەواڵ:KNNC

 

لە راگەیەنراوێکدا، بانکی بازرگانیی عێراقی کردنەوەی دەروازەی بانکیی لە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی راگەیاند و دەڵێت: پێش گەشتکردن، دەبێت گەشتیار پارەی پێویست بە دینار لە یەکێک لە لقەکانیان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و نەینەوا دابنێت. 

 

ئاماژە بەوەشکراوە  لەئەمڕۆ یەکشەممەوە دەروازە بانکییەکان دەکرێنەوە و رۆژانی داهاتووداش دابەشکردنی دۆلار دەستپێدەکات.

 

بە گوێرەی رێنماییەکانی پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی، گەشتیار دەبێت تیکت، ڤیزا، کارتی زانیاری و نیشتمانیی پێشکەش بکات لەگەڵ بڕی سێ ملیۆن و 960 هەزار دینار، ئەمە جگە لە 250 هەزار دینار کە وەک کرێی بانکی و پسووڵە لێی وەردەگیرێت و لەبەرامبەریشدا گەشتیار سێ هەزار دۆلار لە فڕۆکەخانە وەردەگرێت.

 


 مەرجەکانی پێدانی دۆلار لەلایەن TBI  لە فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر:

 

 
- سەردانیکردنی یەکێک لە لقەکانی TBI.

- پێویستە کەسەکە گەشتیار بێت و 18 ساڵی تەواو کردبێت.

- ڕەگەزنامەی عێراقی، پاسپۆرت، کارتی زانیاری، ڤیزە و تیکتی فڕۆکەی پێبێت.

- تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە لە فڕۆکەخانە گەشت دەکەن.

- نابێت گەشتیار گەشتەکەی بۆ ئەو وڵاتانە بێت کە لە لیستی سزادراوانی ئەمریکادان، لەوانە ئێران، روسیا، سوریا و لوبنان.

1251 جار خوێندراوەتەوە