هونەرمەندێکى میسرى بەهۆى ئەوەى دەرزى
لاوازکردنى بەکارهێناوە، توشى ئیفلیجبونى کاتیی بوە و داواش دەکات هیچ کەسێک بێ
ئەنجامدانى پشکنینى پێشوەختە ئەو دەرزییە بەکارنەهێنێت.
تەندروستى:KNNC
هند عەبدولحەلیم، گۆرانیبێژ و ئەکتەرى میسرى لە
لاپەڕەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام گرتەیەکى تایبەتى خۆى بڵاوکردوەتەوە و تێیدا باس لە دۆخى تەندروستى دەکات و دەڵێت: بەهۆى ئەوەى
دەرزى لاوازکردنى بەکارهێناوە بۆ ماوەى پێنج هەفتە؛ دۆخى تەندروستى تێکچوە و گەدەى
توشى ئیفلیجبونى کاتیی بوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە بەهۆى ئەو حاڵەتەى
توشى بوە نەیتوانیوە بخوات و بخواتەوە و لەڕێی هەڵواسینى ئاو لەشى لە
وشکبونەوە پارێزراوە ئەمە جگە لەو ئازارە زۆرەى لەو ماوەیە دوچارى بوەتەوە.
ئەو هونەرمەندە لە گرتەکەیدا داوا لە هەمو ئەو
کەسانە دەکات کە خوازیارن ئەو دەرزیە بەکاربهێنن لەژێر چاودێرى وردى پزیشکدا ئەو
کارە بکەن و پێشوەختە پشکنینى تەواوەتى بکەن و دڵنیا ببنەوە کە دەشێت وەریبگرن
یاخود نا.
لەماوەکانى رابردودا، چەند جۆرێکى تایبەتى دەرزى
بۆ لاوازکردن لە زۆرینەى وڵاتانى جیهان بەکاردەهێنرێت، بەشێک لەو کەسانەش
بەکاریدەهێنن پێشتر راوێژ بە پزیشک ناکەن و بەهۆى ئاسان دەستکەوتنەوە خۆیان ئەو
کارە لە نۆرینگە و سەنتەرە جوانکارییەکان ئەنجام دەدەن.
114 جار خوێندراوەتەوە