نەخۆشخانەی گشتی
شەهید رەئوف بەگ لە شارەزور رونکردنەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە دەڵێت: پەتاکە مەترسیدار
نییە، بەپێی ئامارەکانیش تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار و 500 کەس لە قەزاکە توشی
پەتای سکچون و رشانەوە بون.
تەندروستی:KNNC
لە رونکردنەوەکەی نەخۆشخانەی گشتی شەهید رەئوف بەگ-ـدا هاتوە، ئەو پەتای سکچون
و رشانەوەی بڵاوبوەتەوە مەترسیدار نییە، نەخۆش بە وەرگرتنی چەند چارەسەرێکی
سەرەتایی دۆخی جێگیر دەبێت و دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە.
دڵنیایش دەداتە هاوڵاتییانی سنورە، ستاف و دەرمانی پێوست لە بەردەستدایە و
دەتوانرێت دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و ئەو قەرەباڵغییە زۆرەی لە نەخۆشخانەکە هەیە
زۆرینەی هاوەڵی نەخۆشە.
ئەوەش هاتوە، هاوڵاتییان دەتوانن بە جێبەجێکردنی رێنماییەکی خۆپارێزی و
دەستشتن و بەکارنەهێنانی ئاوی تەنکی ماڵەکانیان بۆ خواردنەوە لەم چەند رۆژەدا پەتاکە
بەتەواوی کۆنتڕۆڵ دەکرێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
هاوکات، سارا عومەر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی شەهید رەئوف بەگ بە کەی ئێن
ئێن-ـی راگەیاند، تا ئێستا نزیکەی 2500 کەس توشی سکچون و رشانەوە بون و زۆرینەی توشبوەکانیش منداڵن، حاڵەتەکانیشیان
قورس نییە.
لەلایەکی دیکەوە د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی
کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چەند تیمێکی تەندروستی لێکۆڵینەوەکانیان
لە هۆکاری بڵاوبونەوەی ئەو پەتایە دەستپێکردوە، هەم لە سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە
هەم لە نەخۆشخانەکان، پشکنینەکانیش ماوەی 24 تا 48 کاتژمێری پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی
جۆری بەکتریاکە.
رەمەزان عارف بەڕێوەبەری ئاوی شارەزور بە کەی ئێن ئێنی رایگەیاند، زۆرینەی
ماڵەکان سۆندەی ئاوەکانیان لەسەر زەوییە، لەکاتی بارانی چەند رۆژی رابردو بەهۆی
دروستبونی لافاوە تێکەڵی ئاوەڕۆکان بوە و ئاوی ئاوەڕۆ و قوڕ و لیتە و ئاوی
خواردنەوە تێکەڵ بون.
وتیشی، گۆڕینی پرۆژەی ئاوی شارەزور هەشت ملیار دیناری پێویستە.
KNN؛ بڕیار نامیق
567 جار خوێندراوەتەوە