جوانڕۆ محەمەد: بزوتنەوەی گۆڕان نابێت بەبەشێك لەیەكلایی كردنەوەی ململانێی پۆست

KNN : Kurdish News Network
07:59 - 02/12/2024
کوردستان
+
-

سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمان رایدەگەیەنێت: بزوتنەوی گۆڕان نابێت بەبەشێك لە یەكلایی كردنەوەی ململانێی پۆستەكان و نوێنەرایەتی شەقام و داواكارییەكانی خەڵكە هەرێم دەكات.


هەواڵ: (KNNC)


جوانڕۆ محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە (KNN)ـی راگەیاند: لەیەكەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و دوای سوێندخواردنی یاسایی، هۆڵەكەیان بەجێهێشتوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە بزوتنەوەی گۆڕان نابێت بەبەشێك لە یەكلایی كردنەوەی ململانێی پۆستەكان.

وتیشی: پێشتر و چەندین جار، بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر زاری رێكخەری گشتی و وتەبێژەكەیەوە رایگەیاندوە، كە  دەبێت هێزێكی ئۆپۆزسیۆن و لەپەرلەمانی كوردستان داكۆكیكاری مافەكانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەبێت.

رونیكردەوە؛ بۆ ئەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بگەن بە مافە رەواكانیان، پێویستە پەرلەمانی كوردستان ببێت بە دامەزراوەیەك و داكۆكی لە خەڵكی هەرێم بكات و وەڵام دەرەوەیەكی دروستی خەڵك بێت، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت بە ئۆپۆزسیۆن و ئەوەی لەبەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستاندابێت خەباتی بۆ دەكات.

 

 

سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دوای سەردانیكردنی شاندەكانی یەكێتی و پارتی بۆلای بزوتنەوەی گۆڕان، بەڕونی ئەوە بەشاندەكان وتراوە؛ بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لە حكومەتدا ناكات وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمان دەمێنێتەوە و نوێنەرایەتی شەقام و ئەو خەڵكە دەكات كە ئومێدی بە ئەوان و پەرلەمان هەیە.

182 جار خوێندراوەتەوە