هەسەدە: لە دوێنێوە تورکیا بەچڕی بۆردومانی دەوروبەری بەنداوی تشرین دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:16 - 20/01/2025
کوردستان
+
-

هەسەدە رایگەیاند، لە بەرەبەیانی دوێنێوە سوپای تورکیا و گروپە هاوپەیمانەکانی بەچڕی دەوروبەری بەنداوی تشرین بۆردومان دەکەن، راشیگەیاند، دەیان تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی سوپای ئەو وڵاتەیان تێکشکاندوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی دوێنێوە، سوپای تورکیا بۆردومانی چڕی دەوروبەری بەنداوی تشرین دەکات، هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومانەکە تا درەنگانێکی ئێوارە بەردەوام بو.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، سوپای تورکیا و گروپە هاوپەیمانەکانی هێرشیان کردسەر گوندی (خربەت ئەلزەمالە) و لەلایەن شەڕڤانانەوە روبەڕویان بونەتەوە و لە ئەنجامدا هەشت چەکدار کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بون.

 

لە راگەیەنراوەکەدا هاتوە، لە هێرش و بۆردومانەکانی دوێنێدا، 29 کەس لە سوپای تورکیا و گروپە هاوپەیمانەکانی کوژراون و 15 کەسی دیکەشیان بریندار بون، هەروەها سێ تانک، سێ زرێپۆش، لەناوبراون و کۆگایەکی تەقەمەنی تەقێندراوە و چوار ئۆتۆمبێل تێکشکێنران کە دوونیان دوشکەیان هەڵگرتبو.

40 جار خوێندراوەتەوە