بەشێک لە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە،
ئەمیر حسێن مەقسوودلوو، ناسراو بە ئەمیر تەتلۆ لە لایەن دادگای تاوانەکانی
پارێزگای تاران بە تۆمەتی کوفر و سوکایەتیکردن بە پێغەمبەری ئیسلام، حوکمی سێدارەی
بەسەردا سەپێندرا.
هەواڵ: KNNC
دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەکە کە گوایە هونەرمەندی ناوداری ئێران، ئەمیر تەتلۆ، سزای لە سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە،
ئاژانسی فارس لەلای خۆیەوە هەواڵەکەی ڕەت کردوەتەوە و دەڵێت هونەرمەندەکە هێشتا چاوەڕێی حوکمی دادگایە .
تەتلۆ پێشتر بەهەمان تۆمەت سزای پێنج ساڵ
زیندانی بەسەردا سەپێندرابو، بەڵام لەسەر ناڕەزایەتی و پێداچونەوەی داواکاری گشتی
لەلایەن دادگای باڵاوە، بڕیارەکەی پێشو هەڵوەشێنرایەوە و دوبارە لە دادگایکردنەوەدایە.
ئەو هونەرمەندە ئێرانییە، کە لە
کانونی دوەمی ساڵی 2023، دوای ئەوەی نزیکەی شەش ساڵ لە تورکیا ژیا و دواتر لەسەر
داوای ئێران گەڕێندرایەوە بۆ ئەو وڵاتە.
تەتلۆ ڕوبەڕوی چەندین
تۆمەتی جۆراوجۆر بوەتەوە، تۆمەتەکانی بریتین لە هاندانی گەندەڵی و لەشفرۆشی،
سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام، چالاکیی دژی حکومەتی ئێران، بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی
قێزەون، دامەزراندنی سایتی گرەوکردن و تاوان دژی حەیا.
میدیاکان باس لەوە دەکەن دۆسییەکەی
تەتلۆ کە لە دادگاکانی تارانی پایتەختە، بە زۆرینەی دەنگی دادوەرەکان بە تۆمەتی
سوکایەتیکردن بە پێغەمبەر سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
لەبەرامبەر ئەم هەواڵەدا کە لە میدیکانی
ئێران بە فراوانی بڵاوبوەتەوە و بوە بە رۆژەڤ، ئاژانسی فارسی نزیک لە
سوپای پاسداران، بڵاویکردوەتەوە تا ئێستا سزای کۆتایی ئەمیر تەتلو دەرنەچوە و چاوەڕوانی
بڕیاری کۆتایی دادوەرەکان.
ئەمە لەکاتێكدایە تا ئێستاش پارێزەری هونەرمەندەکە هەواڵەکەی پشتڕاست نەکردوەتەوە و هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە.
2023 جار خوێندراوەتەوە