ئاگربەستى حەمماس و ئیسرائیل کێشەى تێکەوت

KNN : Kurdish News Network
09:50 - 19/01/2025
جیهان
+
-

بڕیاربو کاتژمێر 9:30 خولەک، ئاگربەستى غەززە بە ئازادکردنى بارمتەکان دەستپێبکات، بەڵام حەمماس لیستى ناوى بارمتەکانى رادەست نەکردوە و ئیسرائیلیش جێبەجێنەکردنى ئاگربەستەکەى راگەیاند.


هەواڵ:KNNC



دانیال هاگارى، وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل، لەو کاتەى بۆ راگەیاندنى ئاگربەست دیاریکرابو، لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا رایگەیاند؛ حەمماس پابەند نەبوە بە ناردنى ناوى لیستى بارمتەکان، هەربۆیە ئاگربەست ناچێتە بوارى جێبەجێ کردنەوە.



ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە ئەوان هەمو مافێکیان هەیە و بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان.



لاى خۆیەوە، بزوتنەوەى حەمماس دڵنیایی دەدات لە پابەندبونى بە رێککەوتنەکە و دەڵێت: هۆکارى نەناردنى ناوى ئەو بارمتانەى ئازادى دەکات تەکنیکى و مەیدانییە.



ئەوە لەکاتێکدایە، شەوى رابردو بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: بۆ ئەوەی وڵاتەكەی پابەندی رێككەوتتنی ئاگربەستی جەنگی غەززە ببێت، پێویستە بزوتنەوەی حەمماس پێش ئازادكردنی بارمتەكان لیستی ناوەكانیان رادەست بكات، بەپێچەوانەوە رێككەوتنەكە جێبەجێ ناكرێت.

656 جار خوێندراوەتەوە