بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە، ئاگربەستی نێوان بزوتنەوەی
حەمماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و دەست بەئازادكردنی
دیلەكان بکرێت، بەڵام تا ئێستا حەمماس لیستى ناوى بارمتەکانى ئاڕاستەى ئیسرائیل
نەکردوە و دەڵێت: هۆکارەکەى تەکنیکییە.
هەواڵ: (KNNC)
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ
(2025/1/19) لە کاتژمێر (08:30)ـی بەیانی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی نێوان بزوتنەوەی
حەمماس و ئیسرائیل بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و رۆژی یەکەمیشدا سێ ژنە سەربازی ئیسرائیل
كە لەلایەن حەمماسەوە دەستبەسەر كراون، ئازاد دەکرێن.
ئەوەیشان خستوەتەڕو، بڕیار وایە لە رۆژی (1/23)
سێ سەربازی دیکەی سوپای ئیسرائیل ئازاد بکرێن، هەروەها لە رۆژی (14)ـهەمینی ئاگربەستەکەش
چوار سەرباز و لە رۆژانی (21 بۆ 35)ـی ئاگربەستەكەش ژمارەیەكی دیكە سەربازی ئیسرائیل
لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەكرێن.
میدیاكانی ئیسرائیل ئاماژەیان بۆ ئەوەشكردوە، بەپێی
رێککەوتنەکە قۆناغی یەكەم (42) رۆژ دەخایەنێت، سوپای ئیسرائیل ژمارەیەكی زۆر لە ئەو
فەڵەستینییانە لە زیندانەکانیی ئەو وڵاتەن و لە رۆژی (7ـی ئۆكتۆبەری 2023)ـوە دەستگیركراون ئازاد دەکات.
بەپێی زانیارییەکانى سوپاى ئیسرائیل، بزوتنەوەى حەمماس تا ئێستا ناوى
ئەو سێ بارمتەیەى رادەست نەکردوە کە وەک مەرج بۆ جێبەجێکردنى ئاگربەستەکە لەلایەن
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل دیاریکراوە.
101 جار خوێندراوەتەوە