رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛
هەر گۆڕانكارییەك لە رۆژئاوای كوردستان كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت و بەپێچەوانەشەوە
راستە، بۆیە دەبێت پێكەوە و بە وریاییەوە مامەڵە بكەین بۆئەوەی میللەتەكەمان زەرەرمەند
نەبێت، دەشڵێت: گۆڕان دەتوانێت لەم گۆڕانكاریانەی دەگوزەرێت رۆڵ و كاریگەری هەبێت،
ئەوەندەمان هێز و سەرچاوەی مرۆیی هەیە كە ئاڕاستەی چارەسەكان بگۆڕین.
هەواڵ: (KNNC)
دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی
گۆڕان لە كۆبونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەكە لە هەولێر ئاماژەی بە
دۆخی سیاسی و پێشهاتەكان كرد و وتی: گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەشێوەیەك خێرایە، ئەگەر
هێز و لایەنە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان لە رۆژئاوای كوردستان بە وریاییەوە
مامەڵە نەكەین و ئامادەباش نەبین بۆ روداو و ئاڵنگارییەكان رەنگە میللەتەكەمان زیانی
گەورە بكات.
بە بایەخەوە ئاماژەی بەوەشكرد؛ هەر گۆڕانكارییەك
لە رۆژئاوای كوردستان كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت و هەر گۆڕانكارییەكیش
لە هەرێمی كوردستان كاریگەری گەورەی لەسەر رۆژئاوای كوردستان و ئایندەی دەبێت،
"بۆیە هەنگاوەكان بەو ئاڕاستەیەیە هەردولامان یەك هەنگاو و یەك روانین و یەك
بۆچونمان هەبێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكە و گۆڕانكاری و پێشهاتە نوێیەكان و چارەسەری
قەیرانەكان، ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت پێویستە هاوتەریب پێكەوە هەنگاو بنێین".
هەروەك رێكخەری گشتی رووی لە هەڵسوڕاوان
كرد و وتی: گۆڕان دەتوانێت لەم گۆڕانكاریانەی دەگوزرێت رۆڵ و كاریگەری خۆی ببینێت،
چونكە گۆڕان هێزێكە هەڵگری بیری نیشتمانی و نەتەوەییە و ئەوەندەش كادر و هێز و
توانا و سەرچاوەی مرۆیی و كەسی لێهاتوو لە بوارە جیاوازەكان هەیە كە ئاڕاستەی چارەسەرەكان
بگۆڕێت چ بۆ دۆخی ناوخۆیی و باشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك چ لە روی هەڵوێستمان بۆ
رۆژئاوای كوردستان، دەتوانین بڵیین بەرنامە
و راگەیەندراو و پێشنیازەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بونە هەوێنی ئەو پەیوەندییەی ئێستای
هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان كە ئێستا هەموان دەیبینن و پێی دڵخۆشن.
پەیوەست بە دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان
و بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی، دانا ئەحمەد مەجید رایگەیاند: سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ
قۆناغی نوێ و هەستانەوە، یەكەم هەنگاو بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانییە كە یەكێكە لە
داواكارییە بنەڕەتیەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، پێشتر ئەو داوایەی
لە هێز و لایەنە سیاسیەكانی دیكەش كردوە و كۆنگرەیان بەستوە.
وتیشی: هەنگاوەكانی ئێستامان كردوە بە
دوو قۆناغ، قۆناغی یەكەم بەستنی ئەم كۆنفرانسە ئیستسنائیەیە بۆ بیناكردنەوەی گۆڕان
بە داڕشتنی پەیڕەو و پڕۆگرامێك كە هەم رەنگدانەوەی ویست و بۆچوونی زۆرینەی هەڵسوڕاوانی
گۆڕان بێت هەم لەگەڵ رێنماییەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق یەكبگرێتەوە.
هەروەك ئاماژەی بەوەشكرد گەنجان و ئافرەتان
دەبێت بۆ قۆناغی نوێ ئەولەویەت بن لە بزوتنەوەی گۆڕاندا چ لە روی كاركردن بۆ پشتگیریكردن
و جێبەجێكردنی خواست و داواكارییەكانیان چ بۆ بەشداریكردنیان لە هەیكەلیەت و ئۆرگانەكان.
155 جار خوێندراوەتەوە