سوپای پاسداران: ئێران فڕۆكەی سیخۆ-35ـی لە روسیا كڕی

KNN : Kurdish News Network
07:49 - 27/01/2025
جیهان
+
-

فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران ئاشكرایكرد؛ ئێران ژمارەیەك فڕۆکەی جەنگی لەجۆری (سیخۆ-35)ـی لە روسیای کڕیوە و دەشڵێت: ئەگەر "دوژمن" گەمژانە مامەڵە لەگەڵ وڵاتەكەیدا بکات، تامی تاڵی بۆردومانی موشەکەکانیان دەکات.


هەواڵ: (KNNC)


سەرباری نیگەرانییەكانی رۆژئاوا لەپەرەسەندی هاوكاری سەربازی نێوان تاران و مۆسكۆ، ئەمڕۆ دوشەممە، عەلی شادمانی،  فەرماندەی باڵا لە سوپای پاسداران رایگەیاند: كۆماری ئیسلامی ئێران ژمارەیەك فڕۆکەی جەنگی لەجۆری (سیخۆ-35)ـی لە روسیای کڕیوە، ئەوەش بەمەسەتی زیاتر بەهێزكردنی سوپای وڵاتەكەی.


وتیشی: هەرکاتێک پێویست بکات، هەوڵ بۆ کڕینی پێداویستی سەربازی دەدەن و هێزی ئاسمانی و زەمینی و دەریاییان بەهێزتر و تۆكمەتر دەكەن.

 

فەرماندی بنکەی بەرگری ئاسمانی خاتەم ئەنبیائە هەڕەشە لە تەلئەبیب دەكات و دەڵێت: ئەگەر "دوژمن" گەمژانە مامەڵە لەگەڵ وڵاتەكەیدا بکات، تامی تاڵی بۆردومانی موشەکەکانیان دەکات و هیچ یەكێك لە بەرژەوەندییەکانی لە زەوییە داگیركراوەكاندا نامێننەوە.


یەکەمجارە بەرپرسێکی ئێرانی کڕینی فڕۆکەی لەجۆری (سیخۆ-35)ـی ئاشكرادەكات، بەڵام فەرماندە سەربازییەكەی ئێران ژمارەی فڕۆكەكانی ئاشكرا نەكردوە و رونیشی نەكردوەتەوە كە فڕۆكەكان رادەستی وڵاتەكەی كراوە یان كاتێكی دیكە رادەستیان دەكرێت.

 

سەرەتای ئەم مانگە تاران و مۆسكۆ بە ئامادەبونی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا و مەسعود پزیشكیان، سەرۆک کۆماری ئێران لێكتێگەیشتنێكی ستراتیژیی نوێیان واژۆ کرد و ئاماژەیان بەهێزکردنی "هاوکاری سەربازی- تەکنیکی" نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و روسیا كرد.

429 جار خوێندراوەتەوە