جوانڕۆ محەمەد: خەباتی مامۆستایان بۆ قوت و ژیانی سەرجەم موچەخۆران و كاسبكارانە

KNN : Kurdish News Network
05:19 - 29/01/2025
کوردستان
+
-

دو رۆژە مامۆستایانی ناڕازی خێمەیان هەڵداوە و مانگرتیان راگەیاندوە، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان سەردانی كردن و وتی: خەباتی مامۆستایان بۆ قوت و ژیانی سەرجەم موچەخۆران و كاسبكارانە و هۆشداریش لەدروستبونی پەرتەوازەیی دەدات.

 

هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ چوارشەممە، جوانڕۆ محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە (KNN)ـی رایگەیاند: لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم بۆ كاتكوشتن شەڕی بەیاننامە دەكەن، بەڵام وەڵامی فەرمانبەران و مامۆستایان و موچەخۆرانی هەرێم نادەنەوە، لەكاتێكدا خەبات و داواكارییەكانی مامۆستایان لەپێناو قوت و ژیانی سەرجەم موچەخۆران و كاسبكارانە، چونكە جوڵەی بازاڕ پەیوەندیدارە بە موچەی موچە خۆرانی هەرێمی كوردستانەوە.

 

لەسەر مانگرتنی مامۆستایان و داخستنی دەرگای خوێندنگاكان وتیشی: هیچ رەوایەتییەكی تیادا نیە مامۆستایان بەم شێوازە و بۆ داواكردنی مافەكانیان لەژێر خێمەدا مانبگرن و خوێندكارانیش بەهۆی داخستنی خوێندنگاكانیانەوە لەسەر شەقامەكان بن، بۆیە گرنگە لایەنە سیاسیەكان سەرەتا شەڕی بەیاننامەكانیان رابگرن و بەهەر شێوەیەك بوە موچە بۆ موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بكەن.

 

سەبارەت بێباكی دەسەڵاتدارانی هەرێم رونیكردەوە؛ ئەو بەرپرسانەی حوكومڕانی هەرێمی كوردستان دەكەن، منداڵەكانی خۆیان لە خوێندنگا ئەهلییەكان یان لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن بۆیە لە ئاریشەی منداڵانی كورد تێناگەن.

 

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان هۆشداری لەسەر دروستبونی پەرتەوازەیی دەدات و دەڵێێت: دەسەڵاتدارانی هەرێم دۆخێكیان دروستكردوە كە سەر بۆ دروستبونی پەرتەوازەیی لەنێوان كەسوكاری خوێندكاران و مامۆستایان دەكێشێت، كە مەبەستیشیان لە دروستكردنی ئەو دۆخە ئەوەیە كە تاوانی داخستنی دەرگای قوتابخانە و خوێندگاكان بخەنە ئەستۆی مامۆستایان.

 

جوانڕۆ محەمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد؛ پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەزویی وەڵامی مامۆستایان بدەنەوە،  چونكە مامۆستایانن نەوەكانی ئایندە پەروەردە دەكەن و نەوەكانی ئایندەش حوكومڕانی ئەم وڵاتە دەكەن.

 

سلێمانی – بەهار عەبدولكەریم

106 جار خوێندراوەتەوە