غەززە دەبێت چۆڵبکرێت و دوبارە بنیات بنرێتەوە... کێ لەپشت ئەم بیرۆکەیەوەیە؟

KNN : Kurdish News Network
08:44 - 08/02/2025
جیهان
+
-

لێدوانەکانى ترەمپ لەبارەى داهاتوى کەرتى غەززە و چۆڵکردنى کەرتەکە لە هاوڵاتییانى فەڵەستینى زۆرترین کاردانەوەى لێکەوتەوە، رۆژنامەیەکى ئیسرائیلیش ئەو کەسە دەناسێنێت کە لەپشت ئەو بیرۆکەیەوەیە.

 

هەواڵ:KNNC

 

رۆژنامەى (تاییمز ئۆف ئیسرائیل) بڵاویکردوەتەوە کە پرۆفیسۆر (جۆزێف بێلزمان)، مامۆستاى ئابورى و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە لە زانکۆى جۆرج واشنتۆن و لە هەمانکاتدا سەرۆکى سەنتەرى توێژینەوە ئابورییەکانە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقا و ئەو خاوەنى بیرۆکەى چۆڵکردنى کەرتى غەززەیە و لە مانگى حەوتى ساڵى رابردو پێشکەشى ترەمپى کردوە.

 

بەپێی زانیارییەکانى رۆژنامەکە؛ لە دیدى بێلزمان-ەوە ئەو وێرانکارییەى لە غەززە رویداوە ناتوانرێت چاکبکرێتەوە یاخود چاکسازیی تێدا بکرێت، لەم دۆخەشدا هیچ لایەنێکى وەبەرهێنانى تایبەت ئامادەنییە بچێتە ناوچەکە بۆ ئەو مەبەستە و پێی وایە کە ئابورى ناوچەکە لەسەر سێ کەرتى گەشتیارى و کشتوکاڵ و تەکنەلۆژیا بنیاتنراوە.

 

پلانەکەى ئەوەى تێدایە کە بەتەواوەتى کەرتەکە چۆڵبکرێت و دەست بکرێت بە دوبارە بنیاتنانەوە و نەهێشتنى ئەو تونێلانەى کە حەمماس بنیاتى ناون و ئەمەش بەپێی خەمڵاندنەکانى یەک بۆ دوو ترلیۆن دۆلارى پێویستە و پێنج بۆ 10 ساڵى پێدەچێت.

 

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکیدا دواى بونى بە سەرۆکى ئەمەریکا پێشنیارى کرد کە کەرتى غەززە بەرەو وڵاتانى عەرەبى دراوسێ چۆڵبکرێت تا بتوانرێت ئەو وێرانکارییانەى چاک بکرێتەوە کە بەهۆى هێرشەکانى ئیسرائیل بەر کەرتەکە کەوتوە.

807 جار خوێندراوەتەوە