سەبارەت بەنەوتی هەرێم... بەغداد رەتی دەكاتەوە واشنتۆن فشاری خستبێتە سەریان

KNN : Kurdish News Network
05:20 - 22/02/2025
ئابوری
+
-

راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق رەتی دەكاتەوە كە لەلایەن ئەمەریكاوە فشار كرابێت بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و رایدەگەیەێنت: هەواڵی سەپاندنی سزای بەسەر عێراقدا دورە لە راستییەوە.

 

هەواڵ: (KNNC)

 

فەرهاد عەلادین، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دەرەوە، رایگەیاند: ئەو هەواڵانەی باس لە فشارەكانی واشنتۆن بۆسەر بەغداد دەكات لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، بەپێچەوانەوە عێراق روبەڕوی سزا دەكاتەوە دورە لە راسیتییەوە.

 

وتیشی: لەسەرجەم ئەو پەیوەندییانەی بەغداد لەگەڵ واشنتۆن و ئیدارەی نوێی ئەمەریكا ئەنجامیداون، فشار یان هەرەشەیەك لە عێراق نەكراوە كە سزای بەسەردا دەسەپێنرێت، بڕیاری هەناردەكردنەوەی نەوت پەیوەستە بەئیدارەدانی سامانە نیشتمانییەكان كەلەسەر بنەمای سەوەریی عێراق و لە خزمەت ئابوریی وڵاتەكەدا دەدرێن.

 

راوێژكارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی هەر سێ ساڵی (2023-2024-2025)ـی كردوە كەتیایدا كە نرخی تێچوی نەوت دیاری دەكات و بابەتەكە لە ئێستادا جێهێڵدراوە بۆ كۆمپانیا پەیوەندیدارەكان بۆ دەستكردنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێم.


پێشتر ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، بڵاویكردەوە: بۆ دەستكردن بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، ئیدارەی نوێی ئەمەریكا بەسەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ، فشاری خستوەتە سەر بەغداد و لەحاڵەتی پابەند نەبون ئەمەریكا عێراق هاوشێوەی ئێران  روبەڕوی سزا دەكاتەوە.


هاوكات، ئەمڕۆ شەممە لە كۆبونەوەی نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەغداد داویكردوە كە دەستبكەنەوە بەرێكارەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان.

166 جار خوێندراوەتەوە