ئاگاداری ساردبونى پێیەکان بن.. دەبێتە هۆى دروستبونى کێشەى تەندروستى مەترسیدار

KNN : Kurdish News Network
10:52 - 25/02/2025
تەندروستی
+
-

جەستەى مرۆڤ بەشێوەیەکە کە لەڕێی چەند نیشانەیەکەوە ئاگادارمان دەکاتەوە لە بونى کێشە تەندروستییەکان، هەندێک جار نیشانەکان بچوکن، بەڵام دەکرێت هۆکارەکەى کێشەی تەندروستى جددى بێت یاخود ببێتە هۆکار بۆ دروستبونى کێشەى تەندروستى.

 

تەندروستى:KNNC

 

نویل ویکس، پزیشکێکى پسپۆڕە و هۆشدارى دەدات کە چیتر ساردبونى پێیەکان بە کەم تەماشا نەکرێت، لەگەڵ ئەوەى لە نیشانەیەکى سادە دەچێت، بەڵام دەکرێت سەرەتا بێت بۆ کێشەیەیەکى تەندروستى خراپ.

 

ئەو پزیشکە ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە بەهۆى بچوکى پەنجەکانى قاچەوە ئاسانتر توشى گیران دەبن و ئەمەش دەبێتە هۆى دروستبونى سەرما و تەزین لە قاچەکاندا، ئەمەش هەستى ئازار زیاتر دەکات و مەترسیی توشبون بە نەخۆشییەکانى دڵ و جەڵتە بەشێوەیەکى بەرچاو زیاد دەکات.

 

ئەوەشى رونکردوەتەوە کە کەم رۆیشتنى خوێن بۆ قاچەکان دەبێتە هۆى گۆڕینى رەنگى نینۆکەکان هەربۆیە رێنماییکان دەکات کە ئاگادارى شێوە و رەنگى قاچ و نینۆکەکانمان بین و گۆڕانکارییەکانیان دەکرێت کاریگەریی لەسەر تەندروستیمان بە گشتى هەبێت.

 

یەکێکى دیکە لەو کێشە تەندروستیانەى بەهۆى ساردبونى پێیەکانەوە توشیان دەبین هەوکردنى جومگەکانە و ئەگەر بێتو پێیەکانمان بۆ ماوەیەکى دورودرێژ بە ساردى بمێننەوە ئەوا کاریگەریی نەرێتى لەسەر خوێنبەرەکان دروست دەکات.

 

بەپێی توێژینەوە ئەنجامدراوەکان، لە هەر چوار کەسێک کە تەمەنیان سەرو 60 ساڵانە کەسێک دوچارى نەخۆشییەکانى دڵ بوەتەوە بێئەوەى نەخۆشییەکەى دیاریبکرێت، هەندێک جاریش دەکرێت نیشانەکانى کەم و بچوک بن وەک هەستکردن بە ئازار لەکاتى رۆیشتندا بەتایبەت ئەگەر ئەو ئازارە دواى پشودان نەمێنێت.

631 جار خوێندراوەتەوە