ترەمپ مۆڵەتی نیشتەجێبون لە ئەمەریکا بە پێنج ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت

KNN : Kurdish News Network
09:26 - 26/02/2025
ئابوری
+
-

سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، دەستدەکەن بە فرۆشتنی جۆرێکی نوێی مۆڵەتی نیشتەجێبون لەو رێگەیەوە دەوڵەمەندەکان دێنە ئەمەریکا و دەوڵەمەندتر دەبن و خەڵکێکی زۆری ئەمەریکی دەخەنە سەر کار.

 

ئابوری:KNNC

 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، جۆرێکی نوێی مۆڵەتی نیشتەجێبون بە ناوی(کارتی زێڕین) بە پێنج ملیۆن دۆلار دەرۆشن کە دەبێتە رێگەیەک بۆ ئەوەی دەوڵەمەندەکان بێنە ئەمەریکا، پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن، باجێکی زۆر دەدەن و خەڵکێکی زۆری ئەمەریکی دادەمەزرێنن.

 

ترەمپ بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، "ئێمە کارتی زێڕین دەفرۆشین ئێوە گرین کارتتان هەیە و کارتەکەی ئێمە بە پێنج ملیۆن دۆلارە".

 

سەبارەت بە ئۆلیگارشی ڕوسیا کە لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیاوە لەلایەن ئەمەریکاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، ترەمپ وتی: "هەندێکیان لێدەناسم کەسانی زۆرباشن، ئەگەری هەیە ئەوانیش مافی کڕینی ئەو کارتە زێڕینەیان هەبێت".

 

بە وتەی ترەمپ، "ئەپڵ و هەمو ئەو کۆمپانیایانە کە دەیانەوێت خەڵک بێن و کاریان بۆ بکەن، دەتوانن کارتێکی زێڕین بکڕن، وتیشی: خاوەنی ئەو کارتە زێڕینە نابێت بە هاوڵاتی ئەمەریکی، بەڵکو لە ئەمەریکا باج دەدات".

 

ئەم بەرنامەیە تایبەت نییە لە ئەمریکا، بەو پێیەی وڵاتەکە ماوەیەکی درێژخایەنە بەرنامەیEB-5ی جێبەجێکردوە، کە ڕێگە بە بیانییەکان دەدات کارتی نیشتەجێبونی هەمیشەیی بەدەستبهێنن لە بەرامبەر وەبەرهێنانی بڕە پارەیەکی دیاریکراو لە وڵاتەکەدا، بەڵام هاوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانی ئەمریکا ڕایگەیاند، پرۆگرامی EB-5 ڕێگەی بە ساختەکارییەکی زۆر داوە و رێگەیەکی کەم تێچووە بۆ بەدەستهێنانی گرین کارت، بۆیە پلانیان هەیە کۆتایی بەو پرۆگرامە بهێنن.

211 جار خوێندراوەتەوە