بەنهێنی فڕیوە... ترەمپ جۆرێكی نوێ لە فڕۆكەی جەنگی وڵاتەكەی ئاشكرا دەكات

KNN : Kurdish News Network
07:40 - 21/03/2025
جیهان
+
-

سەرۆکی ئەمەریکا جۆرێكی نوێی فڕۆكەی جەنگی وڵاتەكەی ئاشكرا دەكات كە گرەنتی باڵا دەستی هێزی ئاسمانی لەداهاتودا مسۆگەر دەكات.


هەواڵ: (KNNC)


لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە هەریەك لە بیت هێگسێت، وەزیری بەرگری و جەنەڕاڵ دەیڤید ئالوین، سەرۆکی ئەرکانی هێزی ئاسمانی ئامادەی بون دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند: لەچوارچێوەی بەهێزكردنی هێزەكانی ئاسمانی و نوێكردنەوەی پڕۆگرامەكان بۆ نەوەی نوێتر، کۆمپانیای "بۆینگ" گرێبەستی بۆ پەرەپێدانی فڕۆکەی جەنگی نەوەی شەشەمی (F-47) بۆ هێزی ئاسمانی ئەمەریکا بەدەستهێناوە.


وتیشی: ئاشكراكردنی بەرهەمهێنانی فڕۆكە نوێكە، دوای چەند مانگێک لە نادڵنیایی پەرەپێدانی بەرنامەکە دێت، چونكە ئاڵنگارییەكانی بەردەم بودجەی وڵات و گۆڕانكاری لە گنگترین پێداویستییەكانی بەرگری وایكردوە كە پێداچونەوەیەكی گشتگیر بكرێت پاشان بتوانرێت بڕیای كۆتایی لەسەر بدرێت.


سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بۆ تاقیكردنەوە فڕۆکەی جەنگی نەوەی شەشەمی (F-47) نزیکەی پێنج ساڵە بە نهێنی دەفڕێت، هەروەك جەختیكردەوە؛ تواناكانی ئەم فڕۆكە وادەكات وڵاتەكەی بەرەوپێشچونێكی چۆنایەتی بۆ داهاتوی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا بەدەستبهێنێت.


فڕۆکەی جەنگی (F-47) بە پێشکەوتوترین فڕۆکە مێژوی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریکا دادەنرێت، كە توانای پێشکەوتوی لە خۆحەشاردان و هەڵگرتنی چەک و زیرەکی دەستکردی هەیە، ئەمەش وایکردوە ببێتە بەردی بناغەی ستراتیژی باڵادەستی ئاسمانی ئەمەریکا بۆ داهاتو.

1380 جار خوێندراوەتەوە