بەرپرسانی ئەمەریکا، بە هەڵە زانیاری نهێنییان بۆ رۆژنامەنوسێک ناردوە
لەبارەی پلانی هێرشەکانیان بۆسەر یەمەن، سەرچاوە فەرمییەکانی ئەمەریکاش پێدانی ئەو
زانیارییانەیان پشتڕاستکردەوە و دەڵێن: رۆژنامەنوسەکە خراوەتە ناو گروپ چاتێکی
وەزارەتی بەرگرییەوە.
هەواڵ:KNNC
جێفری گۆڵدبێرگ،
رۆژنامەنوس لە گۆڤاری ئەتڵانتیک لە وتارێکدا کە بە ناو نیشانی "ئیدارەی ترەمپ
بە ھەڵە زانیاریی لەسەر پلانی ھێرشەکە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بۆ ناردوم"،
ئاشکرای کردوە بەرلەوەی ھێرشی ئەمریکا بۆ سەر حوسییەکان لە یەمەن ئەنجام بدرێت، ئەو
خراوەتە ناو گروپ چاتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە کە لەو ڕێگایەوە وەزیری بەرگریی
ئەمریکا، پیت ھێگسێس بە ھەڵە زانیاریی نھێنیی تایبەت بە ھێرشەکەی بۆ تەلەفۆنەکەی
ناردوە".
راشیگەیاندوە، "نامەکە
زانیاری بوو سەبارەت بە جۆری چەک، ئامانج و پێگە و کاتی ھێرشەکە".
ئەو رۆژنامەنوسە نوسیویشییەتی: "بەرلەوەی ڕۆژی 11ـی ئەم مانگە ھێرش بکرێتە سەر حوسییەکان،
من لە رێگای ئەو گرووپە چاتەوە کە بۆ مۆبایلەکەم ھاتبوو لە بارەی ھێرشەکە ئاگادار
کرابومەوە"".
باسی لەوەشکردوە، "لەلایەن
مایک واڵتز راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاوە بەهەڵە خرابومە ناو گروپ چاتەکەی
وەزارەتی بەرگری، هەمان ئەو رۆژەش مایک واڵتز بە نامەیەک بۆ مۆبایلەکەم پلانی ھێرشەکەی
بۆ من ناردوە".
دەشڵێت: "ھەرگیز باوەڕم نەدەکرد کە ئەو ھەمو
زانیارییانەی دێنە سەر مۆبایلەکەم راستەقینەبن تاکو ئەو کاتەی کە ھێرشەکە کرایە
سەر یەمەن و ئەو کات زانیم کە ھەڵەیەک رویداوە و ئەوەی کە بە دەستم دەگات
دزەکردنێکی بێ ئاگا و ھەڵەی زانیارییە ھەواڵگرییەکانە".
هاوکات، برایان هیوز وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی
نەتەوەیی کۆشکی سپی، رایگەیاند، ئەو زنجیرە نامەیەی کە لە ڕێگای گروپ چاتی
وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ ڕۆژنامەوانەکە نێردراوە، ڕاستییە و لە چۆنێتی زیادکردنی
ڕۆژنامەوانەکە بۆ ناو ئەو گروپ چاتە دەکۆڵنەوە.
247 جار خوێندراوەتەوە