ئەمەریكا: بەم مەرجانە سزاكانی سەر سوریا كەم دەكەینەوە

KNN : Kurdish News Network
06:58 - 25/03/2025
جیهان
+
-

بەرامبەر كەمكردنەوەی سزاكانی سەر سوریا، ئەمەریكا لیستی مەرجەكانی رادەستی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كردوە كە یەكێك لە داواكارییەكانیشی لە ناوبردنی هەر کۆگایەکی چەکی کیمیایی کە لەڕژێمی پێشوی سوریا مابێتەوە.

 

هەواڵ: (KNNC)

 

ئەمڕۆ سێشەممە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردوەتەوە، بەرامبەر هەڵگرتنی بەشێك لە سزاكان، ئەمەریكا لەڕێگەی ناتاشا فرانسیسکی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ شام و سوریا لە پەراوێزی کۆنفرانسی هاوكارانی سوریا لە برۆکسل لە رۆژی (18ـی 3ـی 2025) لیستی مەرجەکانی داوە بە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا.

ئەوەیخستوەتەڕو، لە نێو لیستی ئەو مەرجانەی لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ سوریا دانراون، لە ناوبردنی هەر کۆگایەکی چەکی کیمیایی کە لەڕژێمی پێشوی سوریا مابێتەوە.

 

رونیكردوەتەوە كە یەكێكی دیكە لە داواکارییەكانی ئەمەریكا، دڵنیابونەوەیە لە ئەوەی چەکدارانی بیانی ڕۆڵی باڵا لە پێکهاتەی حوکمڕانی سوریادا نەبێت، هەروەها بۆ دۆزینەوەی ئۆستین تایس، ئەو  رۆژنامەنوسە ئەمریکییەی کە زیاتر لە (10) ساڵ لەمەوپێش لە سوریا بێسەروشوێن بوە، واشنتۆن داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی كردوە بۆ بۆ هاوکاریکردنی هەوڵەکانی ئەمەریکا.

 

ئاژانسەكە راشیگەیاندوە: بەبێ ئەوەی كاتی بۆ جێبەجێكردنی مەرجەكانی دیاریكردبێت، بەرامبەر جێبەجێکردنی سەرجەم داواکارییەکانی، واشنتۆن بەشێك لە سزاکانی سەر سوریا كەمدەكاتەوە.

 

رۆیتەرز ئاماژەی بەوەكردوە، لەدوای دەستبەکاربونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئەوە یەکەم پەیوەندی ڕاستەوخۆی باڵایە لە نێوان دیمەشق و واشنتۆن، بۆ پشتڕاستكردنەوەی بابەتەكە ئاژانسەكە لەشەش سەرچاوەی جیاوازەوە زانیاری وەرگرتوە.

98 جار خوێندراوەتەوە