"بۆ جێبەجێكردنی هەڕەشەكانی لەعێراق واشنتۆن پەنا بۆ هێزی سەربازی نابات"

KNN : Kurdish News Network
03:16 - 24/03/2025
ئابوری
+
-

شارەزایەكەی بواری ئەمنی عێراقی ئاشكرایدەكات، بۆ جێبەجێكردنی هەڕەشەكانی، واشنتۆن پەنا بۆ هێزی سەربازی نابات، بەڵكو بۆ فشارخستنە سەر بەغداد و دروستكردنی ناسەقامگیری پشت بە ئامرازە ئابورییەكان دەبەستێت.


هەواڵ: (KNNC)


موئەیەد جەحیشی، شارەزای بواری ئەمنی رایگەیاند: بەپێچەوانەی هێرشە سەربازییەكان بۆ سەر چەكدارانی حوسی یەمەن و لە ئەگەری جێبەجێكردنی هەڕشەكانی بۆ سەر بەغداد، واشنتۆن پەنا بۆ بژاردەی سەربازی نابات، بەڵكو لەرێگەی مەلەفی ئابورییەوە فشار دەخاتە سەر عێراق و ناسەقامگیری دروست دەكات.

 

وتیشی: کارتی ئابوری بەگشتی و بەتایبەتی کارتی دۆلار، دەبێتە ئامرازی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی  سیاسیەتەكانی واشنتۆن کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەكات.


رونیکردەوە، لەسەر بنەمای پەرەسەندن و گرژییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، عێراق بێبەری نابێت لەو باوهۆزە سیاسیی و ئابوورییەی روی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردوە، بۆیە پێدەچێت لەكاتی گرتنەبەری فشار خستنە سەر عغێراق لەرێگەی ئابورییەوە نائارامی ناوخۆیی لێكەوێتەوە و قەیرانی  ئێستا گەورەتر بکات.


شارەزا ئەمنییە عێراقییەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئەمەریکا کاریگەری بەرفراوانی لەسەر سیستەمی دارایی و ئابوری وڵات بەگشتی و دۆلار بەتایبەتی هەیە، پێشتریش لەڕێگەی سنوردارکردنی كاری بانکییەكان توانیویەتی کاریگەری لەسەر بازاڕە ناوخۆییەکان دروست بكات و لە داهاتوشدا بەئەگەری زۆرەوە فشارە ئابورییەکان زیاتر بەرز دەبنەوە.

257 جار خوێندراوەتەوە