ئیسرائیل گەمارۆی گەڕەكی رەفحی لە باشوری غەززە داوە

KNN : Kurdish News Network
09:44 - 11/04/2025
جیهان
+
-

سەرباری هەوڵەكان بۆ گەیشتن بەئاگربەست سوپای ئیسرائیل لەهەمو لایەكەوە گەڕەكی رەفەحیان لەكەرتی غەززە گەمارۆدا.

 

هەواڵ: (KNNC)

 

میدیا عەرەبییەكان بڵاویان كردەوە، سەرباری هەوڵەكان بۆ گەیشتن بەئاگربەست لەنێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە كەرتی غەززە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، سوپای ئیسرائیل لەهەمو لایەكەوە گەڕەكی رەفەحیان لەكەرتی غەززە گەمارۆدا.

 

لای خۆشیەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: توانیویانە کۆنترۆڵی "میحوەری مۆراگ" کە تازە دامەزراوە و لە نێوان پارێزگاکانی خان یونس و رەفحدایە، لە باشوری غەززە بكەن و هەروەها گەمارۆی گەڕەكی  رەفەحیان لە غەززە داوە.

 

راشیگەیاندوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ناوچەیەکی رۆژئاوایان لە پارێزگای خان یونس بۆردومان كردوە.

 

سوپای ئیسرائیل بە رادیۆی فەرمی وڵاتەكەی راگەیاندوە: سوپا بەردەوام لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەردەوام دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی رەفح و ئامادەكاری بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی پارێزراو.

 

هاوكات، کاربەدەستانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردوە؛ تەلئەبیب و قاهیرە رەشنوسی پێشنیازی میسریان بۆ ئاگربەست لە غەززە گۆڕیوەتەوە و ئەگەری گەیشتن بە پێشکەوتن لە دانوستانەکانی هەیە.

 

دوای دو مانگ ئاگربەستی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، حەماس (33) زیندانیكراوی كە هەشتیان گیانیان لەدەستدابو، ئازادكرد لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل هەزار و (800) دەستگیركراوی فەلەستینی ئازادكرد، بەڵام تەلئەبیب لە (18ـی ئازار) جارێكی دیكە هێرشی كردەوە سەر كەرتی غەززە.

 

بەپێی ئامارەكانی تەلئەبیب تا ئێستا (58) بامتەی ئیسرائیلی لەلای بزوتنەوەی حەماس دەستبەسەرن، پێدەچێت لەو ژمارەیەش (34) كەسیان گیانیان لەدەستدابێت.

97 جار خوێندراوەتەوە