نرخی نەوت چۆن دەبێت بۆ ئەمساڵ و بۆ داهاتوو

نەوت مەکینەی ئابوری جیهانە و تائیستاش کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر گەشەی ئابوری، بەشیوەیەک بۆ چەندین ساڵی دیکە جیهان پێویستی بەم کەرتی ووزە هەیە کە لەبەردەستدایە، چونکە پێویستییەکانی بەکارهێنانی ووزە ناتوانرێت بخرێتە بەردەست لە رێگای جۆرەکانی تری ووزەوە کە پلانە لە داهاتوودا لەبەردەستدابێت. بۆیە نرخی نەوت تاڕادەیەکی باش بە بەرزی دەمێنیتەوە کە ئەم نرخەی ئێستاش لە بەرژەوەندی ووڵاتانی هەناردەکارو و هاوەردەکاردانیە، زۆری بەرزی نرخ کاریگەری دەکات لەسەر پاشەکشەی ئابوری جیهان.

 ئەو فاکتەرانەی نرخی نەوت رادەگرێت
یەک/ بە هۆی بەردەوامی زیادکردنی ژمارەی کوتانی پەتایی (کۆڤید -19)  وادەکات بازاڕو ئابوری بکرێتەوە، کەرتەکانی پێشەسازی و گەیاندن و  کشتوکاڵ بەردەوامبن. لەئیستادا ئەمەریکاو ئەوروپا بەتەواوی کراونەتەوە بۆیە خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات بەتایبەتی لەوەرزی هاویندا، ئەمەش یارمەتی بەرزکردنەوەی نرخ دەدات. هەرچەندە مەترسی ئەم پەتا گشتگیرە  هەر بەردەوامە و تائێستاش ووڵاتی مالیزیا لە ئاسیا بەتەواوی داخراوە، شاری مێڵبێرنی ئوسترالیا هەر داخراوە وە بەشیكیش  لە هیندستان، بەڵام لەکۆتایدا ئەوەش هەر کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

دوو/ ئۆپێک پڵاس لە ئیستادا زۆر بەباشی خۆیان رێکخستوە بە شیوەیەکی زۆر رێکخراو نەوت دەخەنە بازاڕەکانی جیهانەوە، بۆیە جارێکی ترئەو هەڵە  ستراتیژیە گەورەیە دوبارە ناکەنەوە کە بازاڕ پڕ بکەنەوە لە نەوت و ببێتە هۆی دابەزینی نرخەکەى، بازاڕی نەوت لەئێستادا کورتهێنانی (Deficit)بە رێژەیەی (1 ملیۆن) بەرمیل نەوتى رۆژانەهەیە، ئەلێکساندرا ناڤۆک وەزیری نەوتی رووسیا دەڵێت: ئەوەش یارمەتی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت دەدات. 

سێ/ فاکتەرێکی گرنگی تر کە (Shale Oil) ئەمەریکییە، ئەم جۆرە نەوتە پێش پەتای کۆڤید بەتەواوی کۆنتڕۆڵی بازاڕی نەوتی کردبوو، ئەمەریکای کردبوو بە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت بە رێژەیەکی بەرچاوبەرامبەر بە هاوتاکانی، بەڵام ئەو ستراتیژە دەرکەوت هەڵەیەکی گەورە بوو لە کاتی پەتای کۆڤێدا نرخی نەوت هاتە خوار سفرەوە ، بە ملیاران دۆلار زیان بەکۆمپانیاکانی نەوتی ئەمەریکی کەوت، ئیستا ئەم کۆمپانیایانە ستراتیژەکەیان گۆڕیوە، دەیانەوێت لە جیاتی بیرهەڵکەندنی بەردەوام نرخی نەوت بە بەرزی بمینێتەوە بۆ ئەوەی پشکەکانیان بەرزبێتەوەو بتوانن (Dividend) قازانجی هاوبەش بەسەر پشک هەڵگرەکانیاندا دابەشبکەن بەمەش زیاتر قازانج دەکەن، هەرچەندە ئیدارەی بایدن چەند کۆت و بەندی تازەی سەپاندوە بەسەر کۆمپانیاکانی نەوت و غازدا. ئەمەش یارمەتی بەرزکردنەوەی نەوت دەدات.


چوار/ فاکتەرێکی گرنگی تر ئەوەیە کە بە‌هۆی ئەو پلانەی کە لەئێستادا هەیە لە لایەن حکومەتەکانی جیهانەوە بۆ گۆڕینی ووزەی (Fossil Fuel) بۆ ووزەی پاک و نوێ کە بۆتە هۆی گۆڕانی كەش و هەوا، کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بڕیاریانداوە هەر لە  Shell، Bp، Total ExxonMobil، نزیکەی لە (30% - 40%)سەرمایەکەیان لە کەرتی ووزەی نوێ دا بخەنە گەڕ، بۆیە لەم کەرتەدا وە بەر‌هینان کەمتر دەبێتەوە ئەمەش یارمەتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەدات بۆ ئێستا و داهاتووش.

پێنج/ DOLLAR INDEX، لە ئیستادا لە نێوان (89-90)دایە، ئەم ئاماژەیە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی تر دیاریدەکات واتە دۆلار دابەزیوە. لەئەنجامی   چاپکردنی دۆلار ی زۆرەوە لە  ئەمەریکادا و ئەمەش یارمەتی نرخی نەوت دەدات بۆ بەرزکردنەوە. بێجگە لەوەی پارەیەکی زۆر لە چین و بەریتانیاو  ئەوروپا و ئەمریکادا چاپکراوە بەهۆی قەیرانی کۆڤیدەوە، ئەمەش یارمەتی بەرزکردنەوەی خواستدەدات.

شەش/  رێکەوتنەکەی نێوان ئێران و ئەمەریکا هەروا ئاسان نابێت تەنانەت لە کاتی رێکەوتندا ئەو پڕۆسەی رێکەوتنە لە ژێر چەندین مەرجدا دەبێت، نەوتی ئێران  بازاڕی نەوت پڕناکات، چونکە بەشیوەیەکی رێكخراو دەبێت ئێران پابەند بێت بە رێکخراوى ئۆپیکەوە وەک ئەندامێک تێیدا. هەروەها کەرتی نەوتی ئێران لە ئەنجامی نەبوونی سەرمایەی پێویست و تەکنەلۆجیای پێویستدا هەروەها تەمەنی درێژی بیرەکان و پیویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، بۆیە ئێران پێویستی بەکاتە  ئەمەش یارمەتی نرخی نەوتی دەدات.

  لە ئەنجامدا نرخی نەوت بۆ تێکرای ئەم ساڵ و ساڵانی داهاتوو لە سەرووى(70) دۆلارە وە دەبێت.

621 جار خوێندراوەتەوە